بۆرسەی عیراق لە مانگی ئەیلولدا دابەزینێكی گەورەی تۆماركرد


 بۆرسەی عیراق لەمانگی ئەیلولدا دابەزینێكی گەورەی تۆماركرد‌و فرۆشتنی پشكی كۆمپانیاكانیش بەڕێژەی لەسەدا 71 كەمیكردوە.

تەها ئەحمەد عەبدولسەلام بەڕێوەبەری جێبەجێكاری بازاڕی كاغەزە داراییەكانی عیراق رایگەیاندوە: ژمارەی ئەو كۆمپانیایانەی لەمانگی ئەیلولدا لە بۆرسەی عیراق تۆماركراون گەیشتۆتە 97 كۆمپانیا‌و ژمارەی پشكەكانیشیان 9 ترلیۆن‌و 73 ملیار پشك بووە، بەڵام لەو ژمارەیە مامەڵەی كڕین‌و فرۆشتن تەنها بە 23 ملیار‌و 770 ملیۆن پشكەوە كراوە، كە بەراورد بەمانگی ئاب بەڕێژەی لەسەدا 71 پۆینت 92 كەمیكردوە.

لەبارەی بەهای مامەڵەكانیشەوە وتویەتی: لەمانگی ئەیلولدا بەهای مامەڵەكان 10 ملیار‌و 218 ملیۆن دینار بووە، ئەوەش لەكاتێكدایە لەمانگی ئابدا بەبڕی 47 ملیار دینار، مامەڵە بە پشكی كۆمپانیاكانەوە كراوە.

بەڕێوەبەری جێبەجێكاری بۆرسەی عیراق باسی لەوەشكردوە، كە لەمانگی ئەیلولدا بەبڕی 686 ملیۆن دینار، 336 ملیۆن پشك لە وەبەرهێنەرانی بیانی كڕاوە‌و لەهەمان كاتیشدا بەبڕی 323 ملیۆن دینار، 410 ملیۆن پشكیان پێ فرۆشراوە.
ڕێ