په‌رله‌مانتارێك: موژده‌ى چاره‌سه‌ربوونى كێشه‌ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ده‌دات


ئه‌ندامێكى فراكسیۆنى یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستان له‌ په‌رله‌مانى عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت: “حكومه‌تى عێراق چاوه‌ڕێى سه‌ردانى وه‌فدى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌كات بۆ به‌غدا بۆ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنى پرسى هه‌نارده‌كردنى نه‌وت و موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایانى هه‌رێمى كوردستان”.

 ده‌شڵێت “له‌ ئه‌نجامى هه‌وڵى په‌رله‌مانتارانى كورد له‌ به‌غدا و فشارى ئه‌مه‌ریكا، به‌م نزیكانه‌ كێشه‌ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم چاره‌سه‌ر ده‌بێت”.

ئه‌ندامى فراكسیۆنى یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستان له‌ په‌رله‌مانى عێراق “نه‌وزاد ڕه‌سوڵ” وتى: “هه‌وڵه‌كانى ئێمه‌ وه‌ك په‌رله‌مانتارانى كورد له‌ به‌غدا به‌رده‌وامه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایانى هه‌رێمى كوردستان، هاوكات خۆشبه‌ختانه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتى ئه‌مه‌ریكا ئه‌م دانیشتنه‌ى دواییه‌ى نێوان وه‌فدى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى عێراق ئه‌نجام دران، له‌ چوارچێوه‌ گشتییه‌كه‌ ڕێككه‌وتن كراوه‌ كه‌ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایانى كوردستان به‌هه‌ر جۆرێك بێت چاره‌سه‌ر بكرێت”.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى یه‌كێتیى ڕاشیگه‌یاند “له‌ ئێستادا حكومه‌تى عێراق چاوه‌ڕێى سه‌ردانى وه‌فدى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌كات بۆ به‌غدا بۆ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنى پرسى هه‌نارده‌كردنى نه‌وت و موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایانى هه‌رێمى كوردستان، پێشبینیش ده‌كه‌م دواى ئه‌و سه‌ردانه‌ نوێیه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم كه‌ ئه‌نجام ده‌درێت بۆ به‌غدابه‌شێك له‌ كێشه‌ى دارایى هه‌رێم به‌تایبه‌ت كێشه‌ى دابینكردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایانى هه‌رێم چاره‌سه‌ر ببێت.