وەزارەتی دارایی: لە ٢ تریلیۆن دینارەکەی عێراق بەشی کوردستانیش دەدرێت


حکوومەتی عێراقی ٢ تریلیۆن دینار بۆ پارەی گەنمی جوتیارانی ساڵی ٢٠١٦ خەرج  دەکات و بەرپرسێکی وەزارەتی دارایش رایدەگەیەنێت لەو بڕە پارەیە بەشی جوتیارانی کوردستانیشی تێدایە.

فازل نەبی بریکاری وەزارەتی  دارایی عێراقە لەسەر پشکی کورد لە لێدوانێکی دا به باسی راگەیاند, لە ئێستادا چەکی پارەی  گەنمی جوتیاران بۆ ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ گەیشتۆتە ھەرێمی کوردستان و هه‌ر وەکو بەڵێنمان دابوو ٥٠%ی  پارەی  گەنمی جوتیاران بۆ ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ رەوانەی ھەرێمی کوردستان کراوە و دەست بە خەرجکردنی دەکرێت.

نەجیبە  نەجیب پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق به‌هه‌مان سه‌رچاوه‌ى راگەیاند: پارەی  گەنمی جوتیارانی کوردستان بۆ ئەو ٢ ساڵە  زیاتر لە ٣٠٩ ملیار دینارە و لە رێگەی  بانکی بازرگانی  عێراقەوە دەنێردرێت.

بۆ پێدانی نیوەی  پارەی  گەنمی جوتیاران بۆ ھەردوو ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥  بۆ ھەموو عێراق نزیکی ٣ تریلیۆن دینار خەرج  دەکرێت.

ئەو بەرپرسەی  وەزارەتی دارایی عێراق  جەختی کردەوە پارەکە لە رێگەی  بانکەوە دراوە و دەبێت لە سایلۆکان کاری لەسەر بکرێت و چەکەکان بدرێن بە جوتیاران.

فازڵ نەبی  ئاشکرای کرد لەو ٢ تریلیۆن دینارەی  کەوا حەیدەر عەبادی رەزامەندی لەسەر خەرجکردنی داوە بەشی جوتیارانی  ھەرێمی کوردستانیشی تێدایە کە تایبەتە بە شایستەی  گەنمی ساڵی ٢٠١٦، گوتیشی: بەم نزیکانە  پارەکە دابەش دەکرێت و بەشی  ھەرێمی کوردستانیش دەدرێت و مافی  جوتیاران  ناخورێت و لەمساڵدا دابەشکردنی پارەکە کۆتایی پێ دەھێندرێت.

جوتیارانی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٦ نزیکی ٧٠٠ تۆن گەنمیان لە رێگەی  سایلۆکان  دایە حکوومەتی عێراقی و چاوەڕوانی پارەکانیان دەکەن.
 
ڕێ