ئەمڕۆ یەكەم رۆژی ناوتۆماركردنە بۆ ڤیزای ئەمریكا


كونسوڵخانەی ئەمریكا لەهەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ سێشەممە 4/10/2016 یەكەم رۆژی خۆتۆماركردنە لەپڕۆگرامی ڤیزای هەمە جۆری ئەمریكا 2018 كە بەرنامەیەكی یانسیبەو لەوبارەیەشەوە كۆمەڵێك رێنمایی بڵاودەكاتەوە.

ئێوارەی رۆژی دووشەممە 3/10/2016 كونسوڵخانەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەهەولێر لە ئاگادارینامەیەكدا رایدەگەیەنێت: رۆژی سێشەممە 4/10/2016 یەكەم رۆژی ناو تۆماركردنە بۆ پرۆگرامی ڤیزای هەمەجۆریی (یانسیب) ساڵی 2018 ئاگاداربە! نەكەویتە داوی فێڵبازانەوە كاتێك ناوی خۆت تۆمار دەكەیت بۆ ڤیزای یانسیب.

لەوبارەیەشەوە رێنمایی‌و ئامۆژگاریی ئەو كەسانە دەكات كە ناوی خۆیان دەنوسن و دەڵێت، هەرگیز بڕوا بەم ئیمەیڵانە مەكە كە كۆتاییان بە .gov نەهاتووە، هەرگیز پارە مەدە بۆ ناو تۆماركردن، چونكە ناو تۆماركردن بێ بەرامبەرەو تەنها لەم لینكەوە دەتوانیت بزانیت داواكارییەكەت لە چ قۆناغێكە www.dvlottery.state.gov .

هەروەها دەڵێت: ئەگەر پێویستت بە یارمەتی بوو بۆ ناوتۆماركردن، تەنها داوای یارمەتی لەئەندامانی خێزانەكەت یان هاوڕێ نزیكەكانت بكە، واتە زانیارییە كەسییەكانت هاوبەشی پێ مەكە لەگەڵ خەڵكی نەناسیاو.