لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى به‌ به‌رنامه‌یه‌كى نوێوه‌ درێژه‌ به‌كاره‌كانى ده‌دات


لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى به‌ به‌رنامه‌یه‌كى نوێوه‌ درێژه‌ به‌ كاره‌كانى ده‌دات‌و رێگرى ته‌واو ده‌كات له‌هه‌ر كارێك كه‌ زیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندى گشتى بگه‌یه‌نێت.
 
ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ 3.10.2016, به‌ختیار عه‌بدولڕه‌حمان قائیمقامى قه‌زاى مه‌ڵبه‌ندى سلێمانى له‌گه‌ڵ لیژنه‌هاوبه‌شه‌كانى قائیمقامیه‌تدا كۆبوویه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ كاره‌كانى لیژنه‌هاوبه‌شه‌كان كراو هه‌نگاوى نوێى شێوازى كاركردنى لیژنه‌كانیش تاوتوێكرا بۆ باشتر راپه‌ڕاندنى ئه‌و ئه‌ركانه‌ى كه‌ ده‌كه‌ونه‌ ئه‌ستۆى لیژنه‌كان به‌ ئامانجى پاراستنى ته‌ندروستى هاوڵاتیان و رێگرى كردن له‌ هه‌ر كارێك كه‌ زیان به‌به‌رژه‌وه‌ندى گشتى بگه‌یه‌نێت.

گۆران قادر سه‌رۆكى لیژنه‌هاوبه‌شه‌كانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌كرد سه‌ربارى دواكه‌وتنى موچه‌و ئه‌و بارودۆخه‌ى كه‌ له‌ ئارادایه‌ به‌ڵام لیژنه‌كان له‌ روانگه‌ى  ئه‌و به‌رپرسیارێتیه‌ گرنگه‌ى كه‌ له‌ ئه‌ستۆیاندایه‌ به‌رده‌وامن له‌ ئه‌ركه‌كانیان و له‌ هه‌وڵى ته‌واودان بۆ داكۆكى كردن له‌ به‌رژه‌وه‌ندى گشتى و پاراستنى سه‌لامه‌تى گیانى هاوڵاتیان و رێگرى كردن له‌ هه‌ر هۆكارێك كه‌ زیان به‌ هاوڵاتیان بگه‌یه‌نێت.

قائیمقامى سلێمانیش له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و ئه‌ركه‌ گرنگه‌ى كه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌ن ده‌ستخۆشى له‌ لیژنه‌هاوبه‌شه‌كان كرد و  داواى لێكردن به‌ هه‌مان گیانى به‌رپرسیارێتى و دڵسۆزییه‌وه‌ درێژه‌ به‌ كاره‌كانیان بده‌ن و هاوسه‌نگانه‌ به‌رژه‌وه‌ندى هاوڵاتیان و كاسبكاران له‌ به‌رچاو بگرن و بپیارێزن ,  بۆ باشتر راپه‌ڕاندنى كاره‌كانى لیژنه‌هاوبه‌شه‌كانیش به‌رنامه‌ى نوێى دانرا  و لیژنه‌كان سه‌ردانى هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ پێویستیان به‌ چاودێرى و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ هه‌یه‌ .