چۆن‌و بەچەند لەكوردستانەوە گەشت دەكەیت بۆ وڵاتان؟


لەم ساڵانەی دواییدا گەشتكردن بۆ وڵاتانی دەرەوە بوە بەدیاردەیەكی باو لەلای بەشێك لەهاوڵاتیانی كوردستان، ئەم ڕاپۆرتە بەرچاوڕونیەك دەدات بەوانەی كە دەیانەوێ‌ گەشت بكەن بۆ دەرەوەی وڵات.
 
گرفت نەبونی رێنماییە
داود یەكێكە لەو هاوڵاتیانەی هەرێمی كوردستان كە خولیای گەشتكردنە، ئەو باس لەوە دەكات كە تا ئێستا گەشتی بۆ زۆربەی وڵاتانی دراوسێ‌‌و ئەوروپا كردوە، كە زۆربەیان لەڕێگەی نوسینگەكانی گەشتكردنەوە بوە، ئەو نیگەرانە لەوەی كە تا ئێستا نوسینگەكانی گەشت‌و گوزار كەمترین زانیاری دەدەن بەهاوڵاتی‌و بەخێزانەكانیان لەكاتی گەشتكردنیاندا، ئەو دەڵێت “هیچ نوسراوو رێبەرێك نیە بۆ گەشتیاران، تەنها لەكاتی لێدانی ڤیزەدا نەبێت بەچەند وشەیەك رێنمایی دەكرێن‌و هیچ ڕێبەرێكی گەشت‌و گوزاری نیە، كاتێك دەتەوێت گەشت بكەیت هیچ بەرچاوڕونیەكت نییە‌و گەورەترین كێشەت بۆ دروست دەبێت”.
 
داود كە لەیەكێك لەنوسینگەكانی گەشت‌وگوزار پەساپۆرتەكەی بەدەستەوە بو تا ڤیزە وەربگرێت، ئەو وتی “بەداخەوە نوسینگەكانی گەشتوگوزار تەنها گرنگی بەكارەكانی خۆیان دەدەن”.
 
چۆن‌و بەچەند‌و بۆ كوێ‌؟
خاوەنی نوسینگەی ژینی گەشتوگوزاری لەشەقامی سالم لەشاری لەسلێمانی، نەرمین یاسین بەئاوێنەی راگەیاند كە “گەشتكردن بۆ لوبنان‌و میسر تەنها لەڕێگەی فیزەوە دەبێت‌و پەساپۆرت لەهاوڵاتی  وەردەگرن‌و دەبرێنە كونسوڵخانەی ئەو وڵاتەو دواتر لەفرۆكەخانە فیزەیان بۆ لێدەدرێت كە نرخی هەر فیزەیەك بۆ لوبنان 35 دۆلارە‌و بۆ میسرش تەنها 80 دۆلارە بۆ مانگێك.
 
نەرمین وتی “ئەو هاوڵاتیانەی گەشت دەكەن بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان گەر بەشێوەی گروپ گەشت بكەن نرخێكی كەمتری تێدەچێت، لەگەشتی گروپدا میوانخانەو ژەمەكانی خواردن‌و چونە شوێنە گەشتیاریەكان لەسەر كۆمپانیا دەبێت”.
وتیشی “بۆ وڵاتی میسر بەشێوازی گروپ بۆ خێزان تەنها 650 دۆلارە بۆ هەشت ڕۆژ، بۆ وڵاتی لوبنان بۆ یەك كەس گەر خێزان بن تەنها 666 دۆلاری لێوەردەگیرێت بۆ هەشت ڕۆژ، بۆ وڵاتی جۆرجیاش بەشێوازی گروپ تەنها 800 دۆلارە، گەشتكردنیش بەپاس بۆ تاكەسێك لەسلێمانیەوە بۆ تاران 40 دۆلارە”.
 
نەرمین ئەوەشی رونكردەوە كە ئەو كەسەی دەیانەوێت گەشت بكەن گەر بەشێوەی گروپ نەبێت ئەوە ئەو كات نرخێكی دیكەی دەبێت كە بەپێی ڕۆژ دەگۆرێت، ئەو وتی “بەنمونە بۆ وڵاتی توركیا نرخی ڤیزە لێدان دو مانگ پێش ئێستا، 350 دۆلار بەرەو ژور بو، بەڵام لەئێستادا تەنها 300 دۆلارە”.
 
سەبارەت بەكات‌و مانەوەی پەساپۆرتی هاوڵاتیان لە كونسوڵخانەو نوسینگەكانی گەشتوگوزارو  وەڵامدانەوەی هاوڵاتیان، ئەو وتی “وەرگرتنەوەی ڤیزەی میسر لەسێ‌ ڕۆژ بۆ دە ڕۆژی پێدەچێت‌و توركیاش هەمان كاتی دەوێت، تایلاند پەنجا بۆ شەست ڕۆژی پێدەچێت‌و هیندستان حەوت بۆ پانزە ڕۆژی پێدەچێت‌و تونس سێ‌ بۆ حەوت ڕۆژی پێدەچێت تا مۆڵەتی ڤیزەیان بۆدەكرێت، هەروەها ڤیزەی گەشت بۆ دوبەی حەوت بۆ پانزە ڕۆژی دەوێت‌و ئەرمینیاش حەوت بۆ دە ڕۆژی پێدەچێت، عەمان حەوت بۆ پانزە ڕۆژی پێدەچێت”.
 
وتیشی “وەرگرتنی ڤیزە بۆ ئێران 125 دۆلار‌و بۆ تونس 450 دۆلار‌و بۆ دوبەی 195 دۆلار‌و بۆ تایلاند 125 دۆلار‌و بۆ هندستان 165 دۆلار‌و بۆ وڵاتی ئەرمینیا 210 دۆلارە‌و ئازەربایجانیش 65 دۆلار‌و بۆ عەممانیش تەنها 35 دۆلارە”.
دەربارەی گەشتی هاوڵاتیانی كوردستانیش بۆ وڵاتانی ئەوروپا، ئەو وتی “ئەو كەسانەی گەشت دەكەن بۆ وڵاتانی ئەوروپا پەساپۆرتی ئەو وڵاتانەیان پێیە، داوای بڕینی تكت دەكەن بۆ ئەو وڵاتانە”.
 
گەشت بۆ نەخۆشی یان بازرگانی‌و كۆچ؟
خاوەنی نوسینگەی كوردسات لەسەقامی مەولەوی، سەلام حاجی عەبدوڵا ئاماژە بەوە دەكات كە گەشتی نوسینگەكەكان لەئێستادا سنوردار كراوە‌و دراوەتە چەند كۆمپانیایەك، ئەو وتی “ئەو كەسانەی گەشت دەكەن‌و دێنەلامان كاریان بۆ بكەین تەنها ڤیزەی وڵاتی  توركیاو لوبنانیان بۆ دەكەین”.
 
سەلام رێنمایەكانی گەشت‌و گوزار بەگرنگ دەزانێت‌و باس لەوە دەكات كە ئەو كەسانەی لەنوسینگەكەیانەوە گەشت دەكەن، زۆرینەیان لەڕەگەزی نێرن‌و تەمەنیان لەنێوان حەڤدە بۆ سی‌و پێنج ساڵدایەو دەیانەوێت خۆیان بگەیەنە وڵاتانی ئەوروپا لەرێگەی وڵاتی توركیاوە‌و بەشێكی دیكەشیان جیاوازتر لەوان ئەو كەسانەن كە بۆ بازرگانی‌و نەخۆشی ڕودەكەنە دەرەوەی وڵات كە ژمارەیەكی زۆر كەمن.
 
ئاوێنە