دوای ئەوەی لەناوەندەوە بڕی (70) مێگاوات كارەبای نیشتمانی لەسەر پارێزگای كەركوك كەمكرایەوە، ئەنجوومەنی ئەو پارێزگایەش هەڕەشەی بڕینی كارەبا لەسەر ژمارەیەك كۆمپانیاو كارگە دەكات.
(جەمال مەولود) ئەندامی لێژنەی ووزە لەئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بۆ ئاژانسی كەركوك باسی لەوەكردووە، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا حكومەتی ناوەندی بڕی (70) مێگاوات كارەبای لەسەر شارەكە كەمكردۆتەوە، ئەوانیش ناچار بوونە وەك چارەسەرێكی ئەو مەسەلەیە كارەبای هەریەكە لە كۆمپانیای نەوتی باكوورو كارگەی چیمەنتۆی لەیلان و كۆمپانیای غازی كەركوك ببڕن.
جێگەی باس كردنە ئێستا پارێزگای كەركوك بڕی (330) مێگاوات كارەبای بۆ دێت، لەو بڕەشدا (200) مێگاوات لەلایەن حكومەتی هەرێم بۆی دابین كراوە لەپڕۆژەی پترۆدۆلارو ئەوەی تریش لەلایەن ناوەندەوە بۆی دابینكراوە.