بەرپرسێکی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، لە رێگەی پڕۆژەی چەند رێکخراوێکی بیانی چەندین کارگەی بچووکی جۆراوجۆر لە کوردستان دروست دەکرێت.
ئەنوەر عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راگەیاند، پرۆژەیەک ھەیە لە رێگەی چەند رێکخراوێکی نێودەوڵەتی چەند کارگەیەکی بچووک لە کوردستان دروست دەکرێت، وتی: “ئەمساڵ چەند کارگەیەکی نانەقەیسی و سرکەی سێو و ھەنار و باسوق و سجوق لە شەقڵاوە دروست دەکرێن، پاشان لە شار و ناوچەکانی تریش دەستیان پێ دەکرێت”.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەو کەسانەی بە دەست و بە ئامێری کۆن ئەو کارانە دەکەن کۆ دەکرێنەوە و کارگەی بچووکیان بۆ دروست دەکرێت و بەرھەمیان زیاتر دەکرێت و ھەلی کاری زیاتریش دەڕەخسێنن.
بەرپرسەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ روونی کردەوە، وێڕای خەڵکی ناوخۆیی، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان مەبەستیانە ئاوارەکانیش لەو پرۆژانە بوونیان ھەبێت. وتیشی: “لە مانگی داھاتوودا رێکخراوی یونیدۆ، کە رێکخراوێکی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانە کارەکە لە شەقڵاوە دەست پێ دەکات و راھێنان بە کەسەکان دەکات و خولیان بۆ دەکاتەوە، پاشان کارگەکان دادەمەزرێنن، لە ساڵی ٢٠١٧دا کارەکە فراوانتر دەکرێت و ناوچەی دیکەیش دەگرێتەوە.
ئەنوەر عومەر جەختی کردەوە، پێشووتر ئەو رێکخراوە پرۆژەی بچووکی ھەبووە، لەوانە بۆ دروستکردنی مڕەبا و بەخێوکردنی مێشھەنگوین، بەڵام ئەمجارە پڕۆژەکە فراوانتر و گەورەترە.
راشی گەیاند لەپاڵ دروستکردنی ئەو کارگە بچووکانەدا، کۆمەڵە و رێکخراو بۆ جوتیاران دروست دەکرێت، تاوەکو بەشێوەی گرووپ کار بکەن و بەرھەمیان زیاتر بێت.
چاودێرانی ئابووری پێیان وایە ئەمڕۆ ھەرێمی کوردستان پێویستییەکی زۆری بە گرنگیدان و گەشەپێدانی پڕۆژە بچووک و مامناوەندییەکان ھەیە، چونکە سەرەڕای بوونی دەستی کار و توانستی مرۆیی زۆر، بێکارییەکی زۆریش ھەیە، کە زۆربەیان خاوەنی پسپۆڕی و توانست و لە ھەڵگرانی بڕوانامەی زانکۆ و پەیمانگەکانن و دەکرێت بەپێی پلانێکی تۆکمەی داڕێژراو لەلایەن حکوومەت و رێکخراوەکان بەگەڕ بخرێن و دەستمایەی پێویستیان بۆ دابین بکرێت.