نزیكەی 54%ی پڕۆژەكانی كوردستان تا ئێستە لە كاركردن بەردەوامن و 30 هەزار و 242 كەسیش لەو پڕۆژانەدا كار دەكەن.
تا كۆتای مانگی ئابی ئەمساڵ، پێنج هەزار و 303 پڕۆژە لە لای وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تۆمار كراون.
بە پێی ئەو ئامارەی لە بەشی زانیاریی بەڕێوەبەرایەتی پلانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی: تا ئێستە لە كۆی ژمارەی ئەو پڕۆژانە، دوو هەزار و 882 پڕۆژە لە كاركردن بەردەوامن و دوو هەزار و 421 دانەشیان لە كار وەستاون.
كۆی سەرمایەی گشتی پڕۆژەكان، چوار ملیۆن و 655 هەزار و 379 دیناری عێراقییە. سەرمایەی ئەو پڕۆژانەی ئێستە كار دەكەن، ملیۆنێك و 653 هەزار و یەك دیناری عێراقییە و ئەوانەیش كە لە كار كەوتوون، سێ ملیۆن و دوو هەزار و 378 دیناری عێراقییە.
بە گشتی لەو پێنج هەزار و 303 پڕۆژەیەدا، 58 هەزار و 484 كاریان كردووە، بەڵام ئێستە بە هۆی لەكاركەوتنی 46%ی پڕۆژەكان، 28 هەزار و 242 كەس بێكار بوونە.
هەر بە پێی ئاماری بەشی زانیاریی بەڕێوەبەرایەتی پلانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، سێ هەزار پڕۆژە لە هەولێر بوونە و ئێستە هەزار و 897 دانەیان كار دەكەن.
هەروەها لە كۆی 564 پڕۆژەی پارێزگای دهۆك، ئێستە 284 پڕۆژەیان لە كار بەردەوامن.
هەزار و 670 پڕۆژەش لە سلێمانی دامەزراون و ئێستە 701 دانەیان كار دەكەن و 969یان لە كار وەستاون. بەو پێیە لە پارێزگای سلێمانی بە بەراورد لەگەڵ پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك، زیاترین پڕۆژە لە كار وەستاون. واتە 58%ی پڕۆژەكانی سلێمانی ئێستە كاریان تێدا ناكرێ و پێنج هەزار و 933 هەلی كار نەماوە.
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی پڕۆژەكانی بەو شێوەیە دابەش كردووە: بیناسازی، ئامێرسازی، خۆراك، كارەبا، فلزی، كانزا، كاغەز، رستن و چنین.
وشە