نرخی کارەبای مۆلیدە دیاری کرا


ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی ئەیلولی 2016 راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی نرخی كارەبای موەلیدەی بۆ مانگی ئەیلول دیاریكرد و بەرنامەی کارەبای مانگی ئایندەشی ئاشکراکرد.

دەقی راگەیەنراوەکە:
نرخی كارەبای موەلیدە ئەهلییەكان بۆ مانگی (ئەیلول) دیاریكراو نرخی ئەمپێرێك لەنێوان (4000) دینار بۆ (4.500) دینار دەبێت، هاوكات بەرنامەی مانگی تشرینی یەكەم دانراو، خاوەن موەلیدەكانیش 24 كاتژمێر ئامادە دەبن هەركاتێك كارەبای نیشتمانی بڕا، ئەوان كارەبا دابین دەكەن.

لەكۆبونەوەیەكدا كە لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی بەڕێوەچوو، هەریەك لەبەرێزان ئەندازیار سالار حسام الدین بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی و نوێنەری ئاسایشی ئابووری و بەرێوەبەرایەتی و بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی كارەبای سلێمانی و بەرێوەبەری تەنكیكی لەبەرێوەبەرایەتی وەرشەی مەركەزی كە سەرپەرشتی كاری موەلیدە ئەهلییەكان دەكات ‌و نوێنەری موەلیدە ئەهلییەكان ئامادەیبوون.

تیایدا نرخی كارەبای مولیدە ئەهلییەكان بۆ مانگی ئەیلول بەگوێرەی نرخی گاوزایل لەبازاڕدا دیاریكراو نرخی كاتژمێرێك ئەمپێر بە(41) دینار دانرا، واتە ئەگەر موەلیدەیەك لەمانگی ئابدا (110) كاتژمێر كاری كردبێت نرخی یەك ئەمپێر (4.500) هەزار دینار دەبێت.

لەكۆبوونەوەكەدا جەخت كرایەوە كە پێویستە بەرنامەی موەلیدە ئەهلییەكان لە(24) كاتژمێردا هەركاتێك كارەبای نیشتمانی كوژایەوە ئەوان كارەبا بە هاووڵاتیانبدەن و پێویستیشە كارپێكەری لای موەلیدەكانیان موەلیدەكان ئامادە بن و دوانەكەون، بەپێچەوانەوە بەسەرپێچی ئەژمار دەكرێت.

هەروەها پێویستە هەموو خاوەن موەلیدەیەك پسوڵەی نرخی مانگانەی ئەمپێری كارەبا كە لەوەرشەی ناوەندی سلێمانی سەربەبەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی دەردەچێت لای موەلیدەكەی هەڵبواسێت بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بزانن پارەی موەلیدەی گەڕەگەكەیان بە فەرمی چەندە، بەپێچەوانەوە بە(100) هەزار دینار غەرامە دەكرێن.

سەبارەت بەموەلیدەی قەزاو ناحیەكانی سنووری پارێزگای سلێمانیش، بەهەمان نرخی ناوشارو لەكۆتایی مانگدا پارە كۆدەكرێتەوە.

راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی