ئه‌حمه‌د حاجی‌ ڕه‌شید: پێویسته‌ هه‌رێم دان به‌ شكستی‌ سیاسه‌تی‌ نه‌وتیدا بنێت

 
بڕیارده‌ری‌ دارایی‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت: پێویسته‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دان به‌ شكستی‌ سیاسه‌تی‌ نه‌وتی‌و دابینكردنی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌راندا بنێت‌و له‌گه‌ڵ به‌غداد ڕێك بكه‌وێت.


ئه‌حمه‌دی‌ حاجی‌ ڕه‌شید بڕیارده‌ری‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد: چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌م چه‌ند ڕۆژه‌دا حكومه‌ت پڕۆژیاسای‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ 2017 ڕه‌وانه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران بكات.

وتیشی‌: چاوه‌ڕوان ده‌كرێت پرۆژه‌یاساكه‌ به‌زوویی‌‌و پێش واده‌ی‌ دیاریكراوی‌ خۆی‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانه‌وه‌ په‌سه‌ند بكرێت.

سه‌باره‌ت به‌ پشكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش، ئه‌حمه‌دی‌ حاجی‌ ڕه‌شید باسی‌ له‌وه‌ كرد، بۆ ئه‌وه‌ی‌ پشكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ فیدراڵییه‌وه‌ خه‌رج بكرێت، پێویسته‌ هه‌رێم دان به‌ شكستی‌ نه‌وتیدا بنێت‌و نه‌وته‌كه‌ی‌ ڕاده‌ستی‌ به‌غداد بكات.

ئه‌وه‌شی‌ ڕوونكرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر میكانیزم‌و ڕێكه‌وتنێكی‌ نوێ‌ له‌ نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان‌و حكومه‌تی‌ فیدراڵیدا نه‌كرێت، مه‌حاڵه‌ له‌ ساڵی‌ داهاتووشدا، به‌غداد شایسته‌ داراییه‌كانی‌ هه‌رێم ڕه‌وانه‌ بكات.