ئێران گرنگی زیاتر ده‌دات به‌ بازرگانی له‌گه‌ڵ سلێمانی


شاری ئه‌سفه‌هان له‌ڕێگه‌ی ژوری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانیه‌وه‌ گرنگی بازرگانی و پیشه‌سازی زیاتر ده‌دات به‌شاری سلێمانی و په‌یوه‌ندیه‌کان توندتر ده‌که‌نه‌وه‌.

ئه‌حمه‌د که‌لاری ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ژوری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی و نوێنه‌ری بازرگانانی گه‌رمایان له‌ شاری ئه‌سفه‌هانه‌وه‌ ڕایگه‌یاند: کۆبونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ ئاغای سهل ئابادی سه‌رۆکی ژوری بازرگانی ئه‌سفه‌هان ئه‌نجامدا له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیه‌ بازرگانیه‌کان و پیشه‌سازیه‌کان و ئه‌و کێشانه‌ی هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان له‌نێوان هه‌ردولادا.

وتیشی: له‌باره‌ی پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی سلێمانیه‌وه‌ ئه‌سفه‌هان ئاماده‌ی خۆیان پیشاندا بۆ کردنه‌وه‌ی پێشانگایه‌ک  له‌بواره‌کانی پیشه‌سازی و سه‌رجه‌م بواره‌کانی دیکه‌ له‌کاتی گونجاودا وه‌ خۆشحاڵی خۆیان ده‌ربڕی به‌ شاری پیشه‌سازی هاوبه‌شی هه‌رێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران له‌سنوری په‌روێزخان به‌ڵێنیدا که‌ پشتیوانی ته‌واوی لێبکه‌ن و ئاگاداری خاوه‌ن کارخانه‌کان و سه‌رمایه‌دارانی ئه‌سفه‌هان بکه‌ن بۆ به‌شداری کردن.

ئه‌ندامه‌که‌ی ژوری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی بازرگانی ئه‌سفه‌هان له‌باره‌ی ناوچه‌ی گۆڕینه‌وه‌ی کاڵاکان له‌لایه‌ن حکومه‌تی عێراقه‌وه‌ له‌پارێزگای عوزه‌یم دایناوه‌ قسه‌مانکرد ئه‌وکاره‌ کاریگه‌ری زۆری کردۆته‌ سه‌ر ڕه‌وشی بازرگانی و که‌مکردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی هاورده‌کردنی کاڵا له‌ئێرانه‌وه‌ بۆیه‌ به‌ڵێنیاندا به‌جدی کاری بۆبکه‌ن و به‌رپرسانی خۆیان و سه‌فیر له‌به‌غداد ئاگادار بکه‌نه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی بتوانن کاربکه‌ن بۆ ڕاگرتنی ئه‌و ناوچه‌یه‌.

ئه‌حمه‌د که‌لاری ئه‌وه‌شی ڕونکرده‌وه‌ داوامنکرد له‌کاتی کردنه‌وه‌ی پێشانگای ئه‌سفه‌هاندا ئاگاداری بازرگانانی سلێمانی بکرێته‌وه‌ بۆ به‌شداریکردن و ئێمه‌ش خۆشحاڵی خۆمان ده‌ربڕی بۆ به‌شداری کردن.

ئه‌حمه‌د که‌لاری ئه‌وه‌شی ڕونکرده‌وه‌ له‌لایه‌ن دارا جه‌لیل خیات  سه‌رۆکی یه‌کێتی ژوره‌ بازرگانیه‌کان بانگهێشتامه‌م گه‌یانده‌ سه‌رۆکی ژوری بازرگانی ئه‌سفاهان بۆ به‌شداریکردن له‌ کۆنگره‌ی بازرگانی هه‌رێم که‌ هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ یۆبیلی ئاڵتونی ژوری بازرگانی هه‌ولێر و کردنه‌وه‌ی پێشانگای نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر له‌ ڕۆژانی ٩ بۆ ١٠ مانگی داهاتوو.