نـان لـە قوڕگـی تـەقەمەنییەكـانی داعـشدایـە ‌ ‌


ئەگەرچی بۆمب‌و تەقەمەنییەكانی داعش مایەی مەترسی گەورەن، بەڵام بوونەتە سەرچاوەی بژێوی بۆ بەشێك لە دانیشتووانی ناوچە تازە ئازادكراوەكان، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی توانای پوچەڵكردنەوەی بۆمبەكانیان هەیە.

چیتر ئەوە دیمەنێكی سەیر نییە لە شاری رومادی (110كم خۆرئاوای بەغدای پایەتەخت) هەندێك هاووڵاتی مەدەنی ببینێت خەریكی پووچەڵكردنەوەی بۆمبێك یاخود مینێكی نەتەقیو بن، پاش ئەوەی بڵاوبوونەوەی بۆمبەكان لەماڵ‌و رێگاكاندا ببووە گەورەترین مەترسی بۆ دانیشتووانی ناوچەكە.

پووچەڵكردنەوەی تەقەمەنیوەک پیشە
فالح مەرسومی كە نیشتەجێی گەڕەكی بەكرە لە ناوەڕاستی رومادی، دەبووایە چاوەڕێی رێكارێكی دوورو درێژو ئاڵۆزی بەشی ئەندازەی سەر بە دەزگای لەناوبردنی تەقەمەنی بكات، بۆ ئەوەی ئەو بۆمبانە لاببەن كە لەماڵەكەیدا چێندرابوون، بەڵام ئەو رێگایەكی ئاسانتری گرتەبەرو پەنای بۆ ئەو كەسانە برد، كە پووچەڵكردنەوەی ئەو تەقەمەنیانەیان كردۆتە پیشە.

پرۆسەی دۆزینەوەی ئەو كەسانەو رێكەوتن لەگەڵیشاندا ئەركێكی ئاسان نییە، وەك فالح مەرسومی بۆ ماڵپەڕی (نیقاش)ی باس دەكات، «چوومە دەروازەی شار، پاش ئەوەی زانیم ئەو شوێنە سەرەكییەیە كە شارەزایانی هەڵگرتنەوەی بۆمبی لێیەو دەستە دەستە وەكو كۆمەڵی كرێكاری بینا وەستاون، بەڵام نەمتوانی هیچ یەكێكیان بدۆزمەوە، چونكە لەبەر مەترسی لێپێچینەوەی یاسایی خۆیان ئاشكرا ناكەن».

وازی لەكارە كۆنەكەی هێنا
دەشڵێت: «توانای كەمی هێزە ئەمنییەكان لەهەڵگرتنەوەی بۆمبەكان‌و ئەو كرێ زۆرەی شارەزایانی هەڵگرتنەوەی تەقەمەنی داوای دەكەن، هاندەرێكی گەورە بوو، منی كردە لایەنێكی نوێ بۆ كێبڕكێكردن لە گۆڕەپانی پیشەی پووچەڵكردنەوەی بۆمبدا، ئەویش دوای ئەوەی سەیری چەند دیمەنێكی ڤیدیۆییم كرد كە شارەزایان لەتۆڕی كۆمەڵایەتی بڵاویان كردبووەوەو چۆنێتی پووچەڵكردنەوەی ئەو بۆمبانەیان شیدەكردەوە».

پاش ئەوەی فالح توانی تەقەمەنییەكان لە ماڵەكەی‌و ماڵی هەندێك لە خزم‌و هاوڕێیانیدا هەڵبگرێتەوەو بووە كەسێكی قاڵبوو لێهاتوو لە پووچەڵكردنەوەی بۆمب‌و ئەو تەڵانەی بۆ هاووڵاتیان دانراون، وازی لەكارە كۆنەكەی هێنا لەدوكانی چاككردنەوەی موەلیدەی كارەبا لە ناوەڕاستی رومادی‌و دەستی بە كارە نوێیەكەی كرد كە بە «پیشەیەكی سەربەرزانە بۆ رزگاركردنی چەندین خێزان لەمەرگ‌و كەمئەندام بوون» وەسفی دەكات.

(300 – 700) دۆلار
فالح دەڵێت: «گروپەكەمان لە سێ كەس پێكدێت‌و كەمترین كرێ داوا دەكەین لەناو هەموو گروپەكاندا كە كرێكەیان دەگاتە دوو ئەوەندەی ئەوەی ئێمە، چونكە ئێمە ماڵێك لەبەرامبەر 300 بۆ 700 دۆلاری ئەمریكی‌و ئۆتۆمبێلێك لە بەرامبەر 200 دۆلار چارەسەر دەكەین، ئەمەش بەپێی میكانیزمێكی كاركردن كە بریتییە لەسێ قۆناغ: یەكەمیان پشكنینی شوێنەكەو پاشان چارەسەركردن‌و پووچەڵكردنەوەی كاریگەری تەقەمەنییەكەیە، هەرچی قۆناغی كۆتاییشە ئەوا بەرپرسیارێتی خاوەن ماڵەكەیە كە ئاگاداركردنەوەی دەزگا ئەمنییەكان دەگرێتە ئەستۆ بۆ گواستنەوەی بۆمبەكان بۆ شوێنی لەناوبردنی تەقەمەنییەكان، لەوەتەی هاتووینەتە ناو شارەكەشەوە زیاتر لە (1500) بۆمبی جۆراوجۆرمان بە كەرەستەی ئاسایی‌و توانای سادەی خۆمان هەڵگرتۆتەوە».

پیشەی پووچەڵكردنەوەی مین‌و بۆمب خەڵكێكی زۆری بۆ خۆی راكێشاوە، عامر سوەیداوی (52 ساڵ) یەكێكە لەوانە كە ساڵی 2003 لە ریزەكانی سوپای هەڵوەشاوەی عیراقدا كاری كردووەو پووچەڵكردنەوەی بۆمبی كردۆتە پیشە، پێشتر یارمەتی تیمەكانی ئەندازەی دەداو شوێنی بۆمبەكانی پیشان دەدان، ئەوكاتە دركی بەوە كرد كە شارەزاییەكەی یارمەتی دەدات بۆ دۆزینەوەی كارێك كە پارەیەكی زۆری لێوە دەست بكەوێت.

لەبازرگانی چەك دەچێت
عامر سوەیداوی بە»نیقاش»ی وتووە: «دوای ئەوەی تیمەكانی ئەندازەم بینی كە بۆمب‌و تەقەمەنییەكانیان پووچەڵ دەكردەوەو زۆربەشیان لەوانەبوون كە لە سوپای پێشوودا لەگەڵم بوون، دركم بەوەكرد كە منیش تەنیا كەرەستەكانم پێویستە كە ئەوانیش لە هەندێك دەرنەفیس‌و پلایس‌و تۆزێك وایەری كارەبایی تێناپەڕێت، هەروەك شارەزایی‌و بوێریشم هەیەو زانیاریی فراوانیشم سەبارەت بە هونەرەكانی دروستكردنی تەقەمەنی‌و شێوازەكانی مامەڵە لەگەڵ كردنیان هەیە، هەموو ئەوانە كردیانمە جادووگەرێكی چاكەكار كە كاری جادووگەرە شەڕەنگێزەكان پووچەڵ دەكاتەوە».

سوەیداوی وتیشی: «لەم پیشەیەدا هەندێك هاوڕێمان لەدەستداوە بەهۆی كەمی شارەزایی‌و هەڵەشەییەوە، كارەكەمان تاڕادەیەكی زۆر لەبازرگانی چەك دەچێت كە قەدەغەیەو لەڕێی تۆڕێكی پەیوەندی جێ متمانە لەگەڵ هاووڵاتیان‌و هەندێك لە كارمەندانی هێزە ئەمنییەكان بەڕێوەدەچێت».

گەرەنتی راوەدوونەنانی عەشایری لەكاتی سەرنەكەوتن‌و شكستهێنانی پووچەڵكردنەوەی تەقەمەنییەكان، لەگەڵ گرتنە ئەستۆ بەرپرسیارێتی لەلایەن هەندێك لەوانەی ئەم پیشەیە دەكەن، خەسڵەتێكە ئەو هاوڵاتیانە رادەكێشێت كە دەیانەوێت لەمەترسی بۆمبە چێندراوەكان رزگاریان بێت، بەبێ ئەوەی بكەوە ژێر بەرپرسیارێتی لەكۆمەڵگەیەكدا كە تاڕادەیەكی زۆر نەریتە عەشایرییەكان باڵی بەسەردا كێشاوە.

فالح مەرسومی دووپاتی دەكاتەوە، كە «چاوچنۆكی هەندێك بۆ بەدەستهێنانی پارە بەبێ شارەزایی‌و زانینی چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو تەقەمەنیانە، بەرەو مەرگی بردوون».

حەبی پزیشكی دەخۆن
كاركردن لەم پیشەیەدا تەنیا لەو كەسانەدا چڕ نەبۆتەوە كە لە دەرەوەی دامەزراوەی سەربازین، بەڵكو كارمەندی ئەمنی هەن هەمان كار لەكاتی مۆڵەتەكانیاندا دەكەن.

یەكێك لە كارمەندانی پۆلیس لەشاری رومادی كە نازناوی «ئەبو حەفار»ی لەخۆی ناوە، بە(نیقاش)ی وت: «كاركردن لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت لە هەڵگرتنەوەی بۆمب‌و تەقەمەنیدا زۆر جیاوازە، چونكە ملكەچی فەرمانی سەربازی‌و رێنمایی رۆتینی نابم، من ئێستا كاری تایبەت بەخۆم دەكەم كە كارێكی باشەو پارەیەكی زۆرم لێ دەستدەكەوێت، خەونم پێوەی نەبینیوە، بەتایبەتی كە شتی زۆر دەزانم لەبارەی قەبارەی بۆمبەكان‌و مەترسیەكانیان لەڕێی ئەو داتابەیسەی لە بەردەستماندایەو لە رێیەوە لەمیكانیزمی كاركردن‌و مامەڵە لەگەڵ كردنیان تێدەگەم».

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، هەندێك لەو كەسانەی ئەم پیشەیە دەكەن، حەبی پزیشكی دەخۆن كە یارمەتیان دەدات بۆ كەمكردنەوەی شڵەژان‌و پەلەپەكردن لەكاتی پووچەڵكردنەوەی تەقەمەنییەكاندا، چونكە ئێمە بەسەر كێشیەكی مەترسیداری دەزانین‌و بەبێ ئەو حەبانە زۆر كەس ناتوانن یەك بۆمب پووچەڵ بكەنەوە.

دامەزراندنی كۆمپانیای تایبەت
كەم توانایی حكومی‌و جددی نەبوون لەمامەڵەكردن لەگەڵ دۆسێی بەربڵاوی بۆمب‌و تەقەمەنییەكان لەهەموو شارەكانی پارێزگای ئەنبار یارمەتیدەرێكی گەورە بووە بۆ بڵاوبوونەوەی ئەم پیشەیە، ئەمەش وای كردووە هەندێك كەس بیر لەدامەزراندنی كۆمپانیای تایبەت بەخۆیان بكەنەوە بۆ چارەسەركردنی تەقەمەنییەكان، یەكێك لەوانەش فالح مەرسومیە كە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ئەم پیشەیە ئەگەرچی نوێ‌و مەترسیدارە، بەڵام پێموایە زۆر گرنگ دەبێت لەئایندەی نزیكداو مۆركێكی رەسمی وەردەگرێت بەتایبەتیش كە هەردوو حكومەتی ناوەندی‌و خۆجێیی هەمیشە هەوڵ دەدەن گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا جیهانیە تایبەتمەندەكان لەچارەسەركردنی تەقەمەنی لەسەرانسەری عیراقدا بكەن.

سەرچاوە: نقاش