ساڵی داهاتوو به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی مووچه‌ جێبه‌جێده‌كرێت‌

 
سیستمی ئه‌لیكترۆنی بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ ساڵی داهاتوودا ده‌خرێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌و له‌ قۆناغی یه‌كه‌میشدا؛ له‌ موچه‌ی مامۆستایانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات.

د. عیزه‌ت سابیر؛ سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، رایگه‌یاند:”له‌ سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوه‌وه‌، سیستمی ئه‌لیكترۆنی بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌خرێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌”، روونیشیكرده‌وه‌:”قۆناغی یه‌كه‌م له‌ موچه‌ی مامۆستایانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات و دواتر سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان ده‌گرێته‌وه‌”.

به‌ وته‌ی سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان؛ له‌ئێستادا ده‌ست به‌ ئاماده‌كارییه‌كان بۆ به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی سیستمی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران كراوه‌و له‌ كۆتایی ئه‌مساڵ ئاماده‌كارییه‌كان كۆتاییان دێت، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا:”هه‌موو فه‌رمانبه‌رێك كارتێكی پێده‌درێت، كه‌ له‌ رێگه‌ی ئه‌و كارته‌وه‌ ده‌توانێت موچه‌ وه‌ربگرێت”.

هاوكات په‌رله‌مانتار عیزه‌ت سابیر؛ ئاشكراشیكرد:”به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی سیستمی مووچه‌، ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌ رێگه‌چاره‌كان بۆ كۆتاییهێنان به‌ دوو موچه‌یی و فه‌رمانبه‌ری بندیوار.
 
هه‌واڵ نیوز