- کۆمپانیایەکی تایبەت بە ڤیزا دەرکردنی ڤیزای تورکیا دەگرێتە ئەستۆ و لەمبارەیەوە کۆمپانیاکە سیستەمی رێنماییە تازەکانی ڤیزای تورکیا بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەدات.
بەپێی نوسراوێکی بەشی پێوەندیەکانی تورکیا لە فەرمانگەی پێوەندیەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە ئاماژە بە رێنمایە تازەکانی پێدانی ڤیزای تورکیا کراوە بە ھاوڵاتیانی کوردستان.
کۆمپانیای VFS GLOBAL کەوا کۆمپانیایەکی تایبەتی کاروباری ڤیزایە و گرێبەستی لەگەڵ حکوومەتی تورکیا کردوە بۆ ڕایی کردنی کاروبارەکانی ڤیزای ئەو وڵاتە، نوسینگەی لە ھەرێمی کوردستان کردۆتەوە و رێنماییەکانی داوە بە بەشی تورکیا لە فەرمانگەی پێوەندیەکانی دەرەوە.
بەپێی نوسراوەکەی فەرمانگەی پێوەندیەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێم دەبێت سەرەتا ھاوڵاتیان سەردانی بەشی خزمەتگوزاری کۆمپانیاکە بکەن بۆ دانانی دیدار و چاوپێکەوتن، چاوپێکەوتنەکەش دووجۆری ھەیە جۆری ئاسایی و جۆری VIP.
ئەوە ڕوونکراوەتەوە چاوپێکەوتنی ئاسایی بە ١٥رۆژ بەردەست دەبێت،بەڵام چاوپێکەوتنی VIP کەمترە لە ٢ رۆژ یان ٣ رۆژ دەخایەنێت.
کۆمپانیاکە بە نیازە بەشێکی تر بکەنەوە کەوا خزمەتگوزاری راستەوخۆ دابین دەکەن بۆ ماڵ و نوسینگەی کار بۆ ئەوەش کۆمپانیاکە سەرقاڵی ئامادەکاریە بۆ کردنەوەی نوسینگە لە سلێمانی و دھۆک.
لە نوسراوەکەی بەشی تورکیا لە فەرمانگەی پێوەندیەکانی دەرەوە ئاماژە بە داواکاریەکانی وەرگرتنی ڤیزای تورکیا کراوە بەم جۆرە”پشتگیری کار،ژمارەی بانکی،تاپۆی خانوو،وێنەو پاسەپۆرت بە مەرجێک ماوەی بەسەرچوونی لە ٦ مانگ کەمتر نەبێت,ئەگەر بۆ کاری بازرگانی بێت دەبێت بەڵگەنامەی کۆمپانیا و بانگێشتنامەی کۆمپانیا تورکیەکانیش ھەبێت، ئەگەر بۆ نەخۆشی بێت پێویستە راپۆرتی پزیشکی ھاوپێچ بکرێت.
سەبارەت بە تێچوو و نرخی ڤیزا لە نوسراوەکە ھاتووە” ٥٠ دۆلار لەبەرامبەر دابینکردنی خزمەتگوزاری،٤٠ دۆلار لەبەرامبەر دابینکردنی بیمەی تەندروستی بۆ ١ مانگ،٣٠ دۆلار لەبەرامبەر رەزەر ڤاسیۆنی (ھۆتێل و تکتی فڕۆکە)، تێچووی ڤیزای ئاسایی ١٢٠ دۆلارە، بەڵام ڤیزای VIP تێچووەکەی ٧٠ دۆلار زیاتر واتا دەکاتە ١٩٠ دۆلارە.
سەبارەت بە رۆڵی کۆنسوڵخانەی تورکیا لە کارەکە ئەوە روونکراوەتەوە کونسوڵگەری تورکیا تەنھا کاری لێدانی(ستیکەر)ی ڤیزەی لەسەرە و ئیش وکاری راستەوخۆی ھاوڵاتیان ئەنجام نادات، جەخت کراوەتەوە کۆمپانیاکە بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیان راگەیاندووە، ئەگەر کونسوڵخانە وەک پێویست بتوانێت کاری لێدانی(ستیکەر) بەرێوە ببات ئەوە کێشەی ڤیزەی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان نامێنێت.
کۆمپانیای VFS GLOBAL سەر بە گروپیKUONI یە و بنکەی سەرەکی لە وڵاتی سویسرایە لە زیورخ، گرێبەستی لەگەڵ ٥٠ حکوومەت ھەیە و نوسینگەەی لە ١٢٤ وڵات ھەیە زیاتر لە ٢ ھەزار ناوەندی ھەیە. کۆمپانیاکە لە ساڵی ٢٠٠١ تاوەکو ئێستا ڤیزای ١٢٥ ملیۆن کەسی لە وڵاتانی جۆراوجۆر بەرێکردووە.
کۆمپانیای نێوبراو چەند ساڵێکە لە ھەرێمی کوردستان دامەزراوە و دەستی کردوە بە دابینکردنی ڤیزای چەد وڵاتێکی شنگن، وەکو فەڕەنسا و ئیسپانیا ونەمسا و ھۆڵەندا.
زیاتر لە٣٤ وڵات نوێنەرایەتیان لە ھەرێمی کورستان ھەیە کە ١٦ وڵاتیان ڤیزا بە ھاوڵاتیان دەدەن، بەڵام دوای شەری داعش رێوشوێنەکانی پێدانی ڤیزا قورسکراون.
ڕێ