ئیكوادۆر ئاماده‌یه‌ مافی په‌نابه‌ری‌ بداته‌ ئه‌سه‌د

له‌ لێدوانێكیدا بۆ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی به‌ڕازیل، رافائێل كوریا، سه‌رۆكی ئیكوادۆر، ڕایگه‌یاند ئه‌گه‌ر به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆكی سوریا داوای‌ مافی په‌نابه‌ری‌ له‌ وڵاته‌كه‌ی‌ بكات، ئه‌وا حكومه‌ته‌كه‌ی‌ ئاماده‌یه‌ ئه‌و داواكارییه‌ تاوتوێبكات.
وێڕای ئه‌وه‌ی‌ ڕیكاردۆ پاتینۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیكوادۆر، ئه‌و هه‌واڵانه‌ی‌ ڕه‌تكرده‌وه‌ كه‌ باس له‌ به‌خشینی مافی په‌نابه‌ری‌ ده‌كه‌ن  له‌لایه‌ن وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ به‌ سه‌رۆكی سوریا، به‌ڵام ئاژانسه‌كانی‌ هه‌واڵی ناوخۆیی ئه‌و وڵاته‌ له‌ دوای‌ سه‌ردانێكی فه‌یسڵ موقداد، جێگری‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی‌ سوریا بۆ ئیكوادۆر له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا، ئه‌و ئه‌گه‌ره‌یان خسته‌ڕوو.
له‌لایه‌كی تره‌وه‌، ڕۆژنامه‌ی‌ (ئیستادۆ)ی‌ به‌ڕازیلی بڵاویكرده‌وه‌، بوسه‌ینه‌ شه‌عبان، ڕاوێژكاری‌ به‌شار ئه‌سه‌د له‌ كۆتایی مانگی ڕابردوودا سه‌ردانی هه‌ردوو وڵاتی به‌ڕازیل و ئه‌رجه‌نتینی كردووه‌ و به‌ وته‌ی‌ ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌، مه‌به‌ست له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ (شه‌عبان) بۆ تاووتوێكردنی ئه‌گه‌ری‌ گواستنه‌وه‌ی‌ چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی‌ سیاسی سوریا و بڕێك پاره‌وپوولی‌ زۆر بۆ ئه‌و دوو وڵاته‌.