قه‌رزێكی نێوده‌وڵه‌تی به‌بڕی 350 ملیۆن دۆلار بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی دوو پارێزگای عێراق هه‌یه‌


ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ به‌پرسی سه‌ندوقی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ زیانلێكه‌وتووه‌كانی ده‌ستی تیرۆر، ئاشكرای كرد، قه‌رزێك به‌بڕی 350 ملیۆن دۆلار له‌ بانكی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌ بۆ دووباره‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی هه‌ردوو پارێزگای سه‌لاحه‌دین و دیاله‌، وتیشی، گفتوگۆكان بۆ دابینكردنی 500 ملیۆن دۆلاری دیكه‌ له‌سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوو له‌گه‌ڵ بانكێكی ئه‌ڵمانی بۆ په‌ره‌پێدان له‌ ئارادایه‌.

عه‌بولباست توركی به‌پرسی سه‌ندوقی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ زیانلێكه‌وتووه‌كانی ده‌ستی تیرۆر، له‌ میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی دا، وتی، سه‌ندوقه‌كه‌مان هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌دات رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ كۆمپانیا لێهاتوو و چالاكه‌كان بكات بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌، وتیشی، بسنزمان و كۆمپانیا گشتی و تایبه‌ته‌كان ئاماده‌یی و توانایی خۆیان بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كان ده‌ربڕیوه‌.

توركی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، قه‌رزێكی بانكی نێو ده‌وڵه‌تی به‌بڕی 350 ملیۆن دۆلار هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ردوو پارێزگای سه‌لاحه‌دین و دیاله‌ی پێ نۆژه‌ن بكرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها گفتوگۆیه‌ك له‌گه‌ڵ بانكێكی په‌ره‌پێدانی ئه‌ڵمانی هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوو 500 ملیۆن دۆلار بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ زیانلێكه‌وتووه‌كان دابین بكرێت.

ئه‌وه‌شی خسته‌روو، نۆژه‌نكردنه‌وه‌كه‌ بۆ كۆمپانیا بیانی و ناوخۆییه‌كان وه‌كو یه‌كه‌ و كراوه‌یه‌، وتیشی، نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كان دوای رزگاركردنی موسڵ پێویستی به‌ 13 بۆ 14 ملیار دۆلار ده‌بێت، ره‌نگه‌ زیاتریشی پێویست بێت ئه‌گه‌ر ناوچه‌كان تووشی وێرانبوون بن.

روونی كرده‌وه‌، سه‌ندوقی 350 ملیۆن دۆلار به‌كار ده‌خات و له‌ بودجه‌ی 2016، 250 ملیۆن به‌گه‌ڕ ده‌خات.

له‌ 27ی ئابی 2015 سه‌ندوقی دووباره‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ زیانلێكه‌وتووه‌كانی ده‌ستی تیرۆر رایگه‌یاند، بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ زیانلێكه‌وتووه‌كان پێویستیان به‌ تریلیۆنێك دۆلار هه‌یه‌.