عەبادی بەڵێنی دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەدات

 
ئاڵا تاڵەبانی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عیراق راگەیاند لەسەر داوای حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق ، پێكەوە كۆبووینەوە و باسی كارەكانی پەرلەمانی عیراق و پرۆژە یاسای بودجەی 2017ی عیراق و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكمان كرد.
 
وتیشی لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆشمان لەبارەی رێككەوتنی نەوتی نێوان هەرێم و بەغدا و دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەناو بودجەی 2017ی عیراقدا و پشكی 17%ی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عیراق كرد تا هەرێم بێبەش نەبێت لە مووچەی فەرمانبەران،سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی راشیگەیاند، حەیدەر عەبادی بەڵێنیدا پێكەوە هەوڵبدەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم،لەو بارەیەوە عەبادی روونیكردۆتەوە كە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم پەیوەندی بە داهاتی عیراقەوە هەیە و هەرێمیش لەبەر ئەوەی بەشێكە لە عیراق دەبێت داهاتەكەی تەسلیمی حكومەتی عیراق بكات و پابەند بێت تا هەموو فەرمانبەرێك مافی خۆی وەربگرێت .
 
ئاڵا تاڵەبانی وتیشی تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە گفتوگۆكردن بووە لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ، لەو بارەیەوە حەیدەر عەبادی تەئكیدی لەوەكردەوە كە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانە لە كەركوك كە مافێكی یاسایی و دەستووری دانیشتوانی پارێزگاكەیە.