بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی کوردستانی باکوور دەبرێنە 145 وڵاتی جیاواز لە پێنج کیشوەری جیهانەوە.
بەرپرسانی بواری هەناردەی تورکیا رایدەگەیەنن، کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو رۆژی 20ـی ئەیلوول، بەهای ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەی لە کوردستانی باکوورەوە ناردراوەتە کیشوەرەکانی ئاسیا، ئەوروپا، ئوسترالیا، ئەمریکا و ئەفریقیا، گەیشتووەتە 1.4 ملیار دۆلار.
ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانە بریتین لە 17 بەرهەمی جیا و دەنێردرێنە 145 وڵاتی جیهان. لەو ماوە دیاریکراوەدا، ئاردی گەنمی هەناردەکراو لە رووی رێژەوە یەکەم بووە و بەهاکەی گەیشتووەتە 374.2 ملیۆن دۆلار.
بەوتەی بەرپرسانی تورکیا، زۆرینەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی کوردستانی باكوور دەنێردرێنە کوردستانی باشوور و عێراق، دواتریش سووریا و سودان.