پێدانی پارەی كاش بە ئێران قەدەغە كرا

 
كۆنگرێس بڕیاری قەدەغكردنی پێدانی پارەی كاش بە ئێرانی پەسند كرد و بەپێی ئەو بڕیارە، حكوومەتی ئەمەریكا تەنیا كاتێك رێگەی پێ دەدرێت پارەی كاش بدات بە ئێران كە سەرۆكی ئەمەریكا بیسەلمێنێت ئێران پشتگیری لە تیرۆر ناكات.

پەسندكردنی ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات كە ئۆباما بڕی یەك ملیار و 750 ملیۆن دۆلاری پارەی كاش رەوانەی ئێران كرد و دوای ئاشكرابوونی، كۆنگرێس داوای لە ئۆباما كرد روونكردنەوە لەسەر پێدانی ئەو پارەیە بدات.

رۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ پێدانی ئەو پارەیە بە ئێرانی وەك پێدانی باج لە بەرامبەر ئازادكردنی چوار گیراوی ئەمەریكی لە گرتووخانەكانی ئێران ناو برد، بەڵام حكوومەتی ئەمەریكا رەتی كردەوە كە ئەو پارەیەی لەبری ئازادكردنی گیراوەكان دابێت بە ئێران و رای گەیاند، ئەو پارەیە قەرزی ئێران بوو كە زیاد لە 10 ساڵە لای حكوومەتی ئەمەریكایە.

كۆماریخوازەكانی ئەمەریكا لەسەر ئەو بڕوایەدان ئێران پاڵپشتی گرووپە تیرۆریستییەكان دەكات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێدانی پارەی كاش بە ئێران بە پێدانی ناڕاستەوخۆی پارە بەو گرووپە تیرۆریستییانە هەژمار دەكەن.

ئەو بڕیارە لە كۆنگرێس خرایە دەنگدانەوە و بە پێدانی 254 دەنگی بەڵێ، پەسند كرا و بەپێی بڕیارەكەی كۆنگرێس، پێدانی پارەی كاش بە ئێران دژی بەرژەوەندیی نەتەوەیی ئەمەریكایە.