دوو سەرمایەدار به‌بڕی‌ 430 هه‌زار دۆلار دوو نه‌خۆشخانه‌یان له‌چه‌مچه‌ماڵ دروستكرد


دوو پرۆژه‌ی ته‌ندروستی له‌چه‌مچه‌ماڵ كرانه‌وه‌، كه‌ به‌بڕی‌ 430 هه‌زار دۆلار له‌سه‌ر ئه‌ركی‌ دوو برا، به‌شێوه‌یه‌كی‌ خێرخوازی‌ دروستكراوه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌مه‌راسیمێكدا به‌ئاماده‌بوونی رێكه‌وت حه‌مه‌ره‌شید، وه‌زیری ته‌ندروستی‌و به‌رپرسانی‌ پارێزگای سلێمانی هه‌ردوو پرۆژه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتن، به‌شی نه‌شته‌رگه‌ری‌و نه‌به‌كام (خوده‌ج) له‌نه‌خۆشخانه‌ی منداڵ بوون كرانه‌وه‌ له‌قه‌زای‌ چه‌مچه‌ماڵ.

وه‌زیری‌ ته‌ندروستی‌ له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا  رایگه‌یاند “چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی ته‌ندروستیمان كرده‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئه‌ركی خێرخوازان دروستكراوه‌”.

قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ سنورێكی به‌رفراوانی هه‌یه‌‌و یه‌كێك له‌كێشه‌سه‌ره‌كیه‌كانی هاوڵاتیان بوواری‌ ته‌ندروستیه‌، له‌رابردووشدا به‌ردی بناغه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی 50 قه‌ره‌وێڵه‌یی دانرا به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ كاری تێدانه‌كرا .
 
سالار فه‌قێ محه‌مه‌د، ئه‌و خێرخوازه‌ی‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ فریاكه‌وتنی‌ دروستكردووه‌ وتی: “دڵخۆشم ئه‌مرۆ توانیم خزمه‌تێك به‌شاره‌كه‌م شاری شه‌هید‌و ئه‌نفال بكه‌م، په‌یامیشم ئه‌وه‌یه‌ بۆ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان له‌م قه‌یرانه‌دا هاوكاری حكومه‌ت بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خه‌می خه‌ڵك كه‌م بكه‌ینه‌وه‌”.

وتیشی “ئه‌م پرۆژه‌یه‌ له‌ماوه‌یه‌كی كه‌م دا جێبه‌جێكراوه‌‌و نزیكه‌ی ٣٠٠ هه‌زار دۆلاری تێچووه‌”.

یه‌كێكی تر له‌و پرۆژانه‌ی داواكاری هاولاتیانی سنوره‌كه‌ بوو، نه‌خۆشخانه‌ی منداڵ بوون‌و به‌شی نه‌به‌كام بوو، كه‌ دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ ده‌بوو سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌كانی سلێمانی‌ بكه‌ن.
 
خالد فه‌قێ محه‌مه‌د، كه‌ پرۆژه‌كه‌ی‌ ناو نه‌خۆشخانه‌ی‌ منداڵبوونی‌ دروستكردووه‌ ڕایگەیاند: “ژماره‌یه‌ك پرۆژه‌ی خێرخوازیمان له‌سنوره‌كه‌ ئه‌نجام داوه‌ وه‌ك مزگه‌وت و نه‌خۆشخانه‌ و ده‌ستگیرۆی هه‌ژاران‌و یارمه‌تی كه‌سوكاری شه‌هیدان، ئه‌مه‌شمان به‌ ئه‌ركی خۆمان زانیوه‌‌و به‌هه‌ماهه‌نگی بووه‌ له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ”.

ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی‌ خالد فه‌قێ‌ تێچووه‌كه‌ی‌ له‌ئه‌ستۆگرتووه‌ به‌وته‌ی‌ خۆی‌، 13 هه‌زار دۆلار خه‌رجیه‌كه‌ی‌ بووه‌.

بڕیاره‌ وه‌زیری‌ ته‌ندروستی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، هه‌ر ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی‌ تری‌ ته‌ندروستی‌ بكاته‌وه‌ له‌چه‌مچه‌ماڵ.
 
رێكه‌وت حه‌مه‌ره‌شید له‌كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا وتی‌ “پرۆژه‌ی‌ ئۆكسجینی مه‌ركه‌زی كه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوی یاو و به‌هاوكاری UNHCR جێبه‌جێكراوه‌، هه‌روه‌ها نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی شه‌هید پێشره‌و كه‌ له‌لایه‌ن كارمه‌ندانه‌وه‌ جێبه‌جێكراوه‌ له‌گه‌ڵ دوو به‌شی‌ ددان ئه‌مڕۆ ده‌كرێنه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن گروپی‌ كۆمپانیاكانی قه‌یوانه‌وه‌ جێبه‌جێكراوه‌”.

هه‌رێمی‌ كوردستان زیاتر له‌دووساڵه‌ له‌قه‌یرانی‌ داراییدایه‌، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ هه‌زاران پرۆژه‌ راگیراون‌و كاریگه‌ری‌ راسته‌وخۆی‌ له‌سه‌ر ژیانی‌ خه‌ڵك هه‌بووه‌، جگه‌ له‌وه‌ی‌ مووچه‌ له‌واده‌ی‌ خۆیدا دابه‌شناكرێت بازاڕیش سست بووه‌.