تێچووی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا گەیشتۆتە نزیكەی 500 ملیۆن دۆلار


بەپێی زانیارییەكان تێچووی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ كاندیدی كۆمارییەكان و هیلاری كلینتۆن كاندیدی دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا گەیشتۆتە نزیكەی 500 ملیۆن دۆلار كەئەو پارانە لەبانگەشەی هەڵبژاردن و هەڵمەتەكانیان خەرج كراوە.

ئاژانسی ئەسۆشێتێد پرێس لەزاری جەیسون میلەر وتەبێژی هەڵمەتی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ بڵاویكردەوە دۆناڵد ترەمپ 140 ملیۆن دۆلاری تەرخانكردووە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لەوانە 100 ملیۆن دۆلار بۆ ریكلامی تەلەفزیۆنی و 40 ملیۆن دۆلار بۆ ریكلام لەسایتە ئەلكیترۆنیەكان.

هاوكات رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویكردەوە تێچووی بانگەشەی هەڵبژاردنی هیلاری كیلنتۆن كاندیدی دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا زۆر زیاترە لە تێچووی هەڵبژاردنی ترەمپی ركابەری و تێچووی هەڵبژاردنی ناوبراو گەیشتۆتە 300 ملیۆن دۆلار.

لەلایەكی دیكەوە بەپێی دواین راپرسی سەنتەری نێودەوڵەتی لێكۆڵینەوەی كۆمەڵایەتی (IPSOS) دەركەوتووە هیلاری كلینتۆن بەرێژەی لە 4% لەپێش دۆناڵد ترەمپی ركابەریەوەیەتی.