وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە هەرێمی كوردستان 10 هەزار هەنگەوان هەیە و هەنگوینی كوردستانیش لە رووی كوالێتییەوە لەسەر ئاستی جیهان لەپلەی یەكەمدایە.
ئەنوەر عومەر، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان راگەیاند ” لە هەرێمی كوردستان 10 هەزار هەنگەوان هەیە كە 450 هەزار كورەی هەنگ بەڕێوەبەدەن و لە رووی كوالێتییەوە هەنگوینی كوردستان لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی یەكەمدایە، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە زۆربەی هەنگەوانەكان مێش هەنگەكانیان لەناوچە شاخاوی و سروشتییەكان بەخێو دەكەن بێ ئەوەی هیچ جۆرە پڕۆتین و دەرمانێك بۆ بەخێوكردنی هەنگ بەكار بێنن”.
وتیشی “لەساڵی 2009 تیمێكی هەنگەوانی لەهەرێمی كوردستان بەشداریان لە كۆنفراسێكی كشتوكاڵی لە وڵاتی فڕەنسا كردو لەو كۆنفراسەكەدا هەنگوینی كوردستان لەسەر ئاستی جیهان بە پلەی یەكەم دەرچوو، بەهەمان شێوە دوو ساڵ بەر لەئێستا لە وڵاتی پۆڵەندا جارێكی تر هەنگوینی كوردستان لە رووی كوالێتییەوە پلەی یەكەمی بە دەستهێنا، ئەمساڵیش نیازمان هەبوو هەنگوینی خۆماڵی ببەینە وڵاتی ئیتاڵیا، بەڵام لەبەر كێشەی ڤیزا نەتواندرا كارەكە ئەنجام بدەین”.
ئەنوەر عومەر ئاشكراشیكرد هەوڵیانداوە هەنگوینی هەرێمی كوردستان قتوبەند بكەن و بەرەسمی رەوانەی وڵاتانی دەرەوە بكرێت، بەڵام تائێستا بەهۆی قەیرانی دارایی نەتواندراوە هەنگوینەكە قتوبەند بكرێت هەر بۆیە ساڵانە نازاندرێت چەند تۆن هەنگوین هاوردەی دەرەوە دەكرێت.
وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ روونیشیكردەوە، بەهۆی شەڕو بەكارهێنانی دەرمانی لەناوبردنی مێروولەو مەگەز لەسەر ئاستی جیهان بە هەرێمی كوردستانیشەوە، سێ لەسەر چواری هەنگ لەناوچوون.
دواڕۆژ