بۆبەرەنگاربونەوەی دوومووچەیی و بە ئەلیکترۆنی کردنی مووچە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان فۆڕمێک دابەشی سەر ھەموو فەرمانبەران و مووچەخۆران و خانەنشینان دەکات.
لیژنەی باڵای تۆمارکردنی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران فۆرمێکی دابەشی سەرداموو دەزگاکانی حکوومەت کردووە.
لەو فۆڕمەدا کە ھەندێک زانیاری لەسەر فەرمانبەر و مووچەخۆر تێدایە لەوانە” ناوی تەواوی فەرمانبەر، رۆژ و ساڵی لە دایکبوون، ژمارەی ناسنامە، شوێنی کارکردن، ناونیشانی وەزیفی، کۆی مووچە.
لە فۆڕمەکەدا جۆری دامەزراندنی تێدایە لەوانە فەرمانبەری ھەمیشەیی و گرێبەست و کاتی، ھەروەھا سلکی وەزیفیەکەی دیاریکراوە کەوا شارستانیە یانیش عەسکەری.
فۆڕمەکە گەیشتۆتە بەشێک لە فەرمانگە و وەزارەتەکان و لە ماوەیەکی دیاریکراودا دەبێت فەرمانبەران و مووچەخۆران ئەو فۆڕمە پڕبکەنەوە و بیدەنەوە فەرمانگەکانیان ،پاش ئەو پڕۆسەیە ھەموو فەرمانبەرێک دەبێت لە تۆماری بایۆمەتری فەرمانبەرانیش خۆی تۆمار بکات کەوا پەنجەمۆر و تیشکی چاوی لێوەردەگیرێت.
لە ھەرێمی کوردستاندا ملیۆنێک و ٤٠٠ ھەزار کەس مووچە لە حکوومەت وەردەگرێت، کە ٧٠٠ ھەزاریان فەرمانبەری راستەقینەنو ٧٠٠ ھەزارەکەی دیکەش بریتییە لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانو کەسوکاری شەھیدانو ئەنفالکراوانو خانەنشینان.
عوسمان ساڵح بەرێوەبەری گەنجینەی ھەرێم لە لێدوانێکی بۆ باس ئەوەی ئاشکراکرد:
فۆڕمەکە ناردراوە بۆ فەرمانگەکان و بۆ مانگی داھاتوو دەبێت تەواو بکرێت.
ئاماژەی بەوەدا ئەو فۆڕمە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە کاری لەسەرکراوە و دەبێت ھەموو فەرمانبەران و مووچەخۆران پڕی بکەنەوە، گوتی: ئەو کارە بۆ رێکخستنەوەی میلاکات و بڕینی دوو مووچەیی و سێ مووچەییە، ھاوکات بۆ وەرگرتنی زانیاریە لەسەر تەواوی ئەو کەسانەی لە حکوومەت مووچە وەردەگرن .