لە رۆژانی جەژندا 211 هەزار گەشتیار روویان لە شارەكانی هەرێم كردوە و قەبارەی داهاتی گەشتیاریش لەو ماوەیەدا 63 ملیۆن دۆلار بووە.
(نەورۆز مەولود) وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كورستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماری هاتنی گەشتیارانی بۆ جەژنی قوربان رایگەیاندو وتی، لەماوەی رۆژانی 6 تا 15 ئەم مانگە نزیكەی 211 هەزار گەشتیار سەردانی شارەكانی هەرێمیان كردوە و لەو ژمارەیەش لەسەدا 82 یان لەپارێزگاكانیتری عیراقەوە هاتوون و لەسەدا 18 شیان بیانی بوون.
وتیشی بەپێی خەمڵاندنەكان هەر گەشتیارێك لەو ماوەیەدا بڕی 300 دۆلاری خەرجكردوە بەوشێوەیەش كۆی داهاتی ئەو كەرتە 63 ملیۆن و 300 هەزار دۆلار بووە و بەراورد بە جەژنی رەمەزانیش رێژەی گەشتیاران لەسەدا 73 زیادیكردوە.