بەبڕی ١٠ ملیار پاوەن عێراق قەرز لە بەریتانیا وەردەگرێت

وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردۆتەوە ، سەلمان جمێلی وەزیری پلاندانانی عێراق پێشوازی لە “ئێما نیکلسۆن” نێردراوی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بۆ کاروباری بازرگانی و وەفدێکی ھاورێی کردووە و لە میانەی کۆبونەوەیەکدا چەندین بابەتی گرنگ لەبارەی گەشەپێدانی ھاوکارییەکانی نێوان ھەردوو ولات لە بوارەکانی بەرھەمھێنان و ھاتنی کۆمپانیا بەریتانییەکان بۆ کارکردن لەعێراقدا تاوتوێکراون.
 
وەزیری پلاندانانی عێراق رایگەیاند ، بەھۆی ئەو قەیرانە داراییەی عێراق ێیدا تێپەر دەبێت وەزارەتی پلاندانان بە ھاوکاری لەگەڵ ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران ھەوڵی داوە کار لەگەڵ کەرتی تایبەتی ناوخۆیی و بیانیدا بکات بە تایبەت لە جێبەجێکردنی پرۆژەکانی وەبەرھێناندا کە ئێستا بەھۆی قەیرانەکەوە زۆرێکیان راگیراون.
 
وەزیری پلاندانای عێراق ئاشکراشیکردووە لە رۆژانی داھاتوودا دانوستانەکانی نێوان حکومەتی بەریتانیا و بەرپرسانی عێراق دەستپێدەکات و لە رێی دانوستانەکانەوە عێراق داوای قەرزێک لە بەریتانیا دەکات کە بڕەکەی دە ملیار پاوەنە .