ئاستی‌ بێكاری‌ له‌هه‌رێم بۆ %14 به‌رزده‌بێته‌وه‌

وه‌زیری‌ پلاندانانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌رزبونه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ بێكاری‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ %14 راگه‌یاند، وه‌زیری‌ كاروكاروباری‌ كۆمه‌ڵایه‌تیش ئاشكرایكرد %84 ی‌ كرێكاران له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ سندوقی‌ ده‌ستبه‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تین.



وته‌كانی‌ ئه‌و دوو وه‌زیره‌ له‌ كۆنفرانسیێكدا هات له‌هه‌ولێر تایبه‌ت به‌ چوارچێوه‌ی‌ ستراتیژی‌ بۆ پاراستنی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ كه‌ تێیدا پلان داده‌ڕێژرێت بۆ روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی‌ قه‌یرانی‌ بێكاری‌ و پاراستنی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌.



عه‌لی‌ سندی‌ وه‌زیری‌ پلاندانان له‌وتارێكدا كه‌ له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا پێشكه‌شیكرد رایگه‌یاند، ئاستی‌ بێكاری‌ له‌هه‌رێم گه‌یشتووه‌ته‌ %14 و داواشی‌ له‌ سندوقی‌ دراوی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ كرد هاوكاری‌ هه‌رێم بكات بۆ ئه‌نجامدانی‌ چاكسازی‌.



هه‌رێمی‌ كوردستان زیاتر له‌ دوو ساڵه‌ كه‌وتووه‌ته‌ قه‌یرانی‌ داراییه‌وه‌، جگه‌ له‌شه‌ڕی‌ داعش، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ به‌هه‌زاران پڕۆژه‌ وه‌ستاون و حكومه‌ت ناتوانێت له‌واده‌ی‌ خۆیدا موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران دابه‌شبكات سه‌ره‌رای‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ موچه‌كانیان بۆ نیوه‌ یان زیاتر.



محه‌مه‌د هاودیانی‌ وه‌زیری‌ كاروكاروباری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی له‌وته‌یه‌كدا كه‌ له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا پێشكه‌شیكرد ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد، حكومه‌ت هه‌میشه‌ له‌هه‌وڵدا بووه‌ كه‌  چۆن روبه‌ڕوی‌ قه‌یران بێته‌وه‌و ستراتیژێك دابڕێژێت بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی‌ قه‌یرانه‌كان.



وتیشی‌ له‌هه‌رێم سیاسه‌تێكی‌ دیاریكراوی‌ پاراستنی‌ كۆمه‌لایه‌تی‌ نییه‌، ئه‌وه‌ی‌ كراوه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان نه‌بووه‌ به‌شێوه‌ی‌ سیسته‌ماتیك.



هاودیانی‌ باسی‌ له‌وه‌شكرد، ته‌نها %16 كرێكاران له‌سندوقی‌ ده‌ستبه‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تیدان و %84 ی‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ سیسته‌مه‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌  یان هۆشیاری‌ نییه‌ یان ئه‌و سیسته‌مه‌ی‌ سندوقه‌كه‌ی‌ پێ دامه‌زراوه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌.



وه‌زیری‌ كاروكاروباری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی ئاشكرایكرد، له‌هه‌رێمی‌ كوردستان %53 خه‌ڵك چاوی‌ بریوه‌ته‌ كه‌رتی‌ گشتی‌ له‌كاتێكدا له‌جیهاندا به‌و شێوه‌یه‌ نییه‌، بۆیه‌ ده‌بێت كه‌رتی‌ تایبه‌ت به‌هێز بكرێت.



جه‌ختیشیكرده‌وه‌، پڕۆژه‌یه‌كیان هه‌یه‌  بۆ به‌هێزكردنی‌كه‌رتی‌ تایبه‌ت و بۆ به‌ ئامانج گرتنی‌ هه‌ژاران و دۆزینه‌وه‌ی‌ كارو پاراستنی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌وه‌ش پێویسته‌ به‌ هه‌مواری‌ كۆمه‌ڵێك یاسای‌ وه‌كو یاسای‌ كارو یاسای‌ ده‌سته‌به‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ هه‌یه‌.



به‌وته‌ی‌ هاودیانی‌، 140 هه‌زار كه‌س له‌هه‌رێم ساڵانه‌ زیاد ده‌بێت، كه‌ رێژه‌یه‌كی‌ زۆره‌و ئه‌گه‌ر پلان و چوارچێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ بۆ دانه‌نرێت “كاره‌ساتێكی‌ گه‌وره‌ی‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌.