لە ساڵێكدا شەش ملیار ریدبۆڵ دەفرۆشرێت


كۆمپانیای ریدبۆڵ، ساڵی 2015 قازانجێكی سەرسوڕهێنەری دەست كەوتووە، لە ماوەی ئەم ساڵەدا شەش ملیار قوتوو لەو خواردنەوە وزەبەخشە لە دنیادا فرۆشراوە.

ئاژانسی دویچەوێلەی ئەڵمانی لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كردووە، كۆمپانیای ریدبۆڵ ساڵی 2015 ئاستی بەرهەمهێنانی بۆ 35% بەرز بووەتەوە و داهاتی ئەو ساڵەی 501 ملیۆن یۆرۆ بووە.

داهاتی ریدبۆڵ لە بەشی بەرهەمهێنان 20% زیادی كردووە و گەیشتووەتە سێ ملیار و 200 ملیۆن یۆرۆ  و ژمارەی قوتووەكانیشی بە رێژەی 6% بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە شەش ملیار دانە.

ریدبۆڵ لە 169 وڵاتی دنیا دەفرۆشرێت، ئاستی فرۆشتنی ئەو خواردنەوە وزە بەخشە لە وڵاتانی توركیا، ئەفریقای باشوور، سعوودیە و هیندستان، 25% زیادی كردووە.

ریدبۆڵ كۆمپانیایەكی نەمساییە و بەڕێوەبەرایەتی باجی ئەو وڵاتەیش ئاشكرای كردووە كە تا ئێستە ئەو كۆمپانیایە هیچ بڕە پارەیەك بە حكوومەت قەرزدار نییە.

كۆمپانیای ریدبوڵ ساڵی 1987 دامەزراوە و نووسینگەی سەرەكی ئەو كۆمپانیایە لە نەمسایە و نووسینگەی نێودەوڵەتییەكەیشی لە وڵاتی تایلەندایە.