گەشتوگوزاری سلێمانی: رێژەی گەشتیاران پێنج هێندە زیادیکردووە

 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری سلێمانی ئاشكرایكرد، لە رۆژانی جەژن زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار روویان لە سلێمانی کردووە و داهاتەكەی بە خەمڵاندن زیاتر لە 30 ملیۆن دۆلار بووە.



ئارام رەحیم، بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری سلێمانی ڕایگەیاند، ئەو گەشیارانەی روویان لە سلێمانی و ناوچە گەشتیارییەکانی سنوورەکە کردووە، لە خاڵەکانی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، بازگەی تاسڵوجە و عەربەت و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە هاتوون.



ئارام رەحیم وتیشی “ئەوانەی لە بازگەی تاسڵوجەوە هاتبوون زیاتر لە 64 هەزار گەشتیار دەبوون، کۆی گشتی زیاتر لە 90%ی بریتی بوون لەو گەشتیارانەی لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە روویان تێکردووین. هاوكات 7 هەزار و 175 گەشتیار لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە روویان تێکردووین”.



بەپێی ئامارەكانی گەشتوگوزاری سلێمانی، بەراورد بە جەژنی رەمەزان رێژەی گەشتیاران لە سەدا 105 زیادیکردووە و بەراوردیش بە جەژنی قوربانی رابردوو هاتنی گەشتیاریان پێنج هێندە زیادیکردووە.



بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری سلێمانی پێیوایە، زیادبوونی رێژەی گەشتیارن لەمساڵدا شتێکی سروشتی نەبووە، بەڵکو بە هەوڵ و ماندووبوونی هەموو لایەک بووە، “هاوکات پشتگیرییەکی تەواوەتیمان هەبووە لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی بتوانین پلانێکی تۆکمە دابڕێژین بۆ راکێشانی زۆرترین گەشتیار”.



ئارام رەحیم ئەڵێت “پلانەکە بریتی بوو لەوەی بە هاوکاری هەماهەنگی لەگەڵ وەزیری شارەوانی و وەزارەتی ناوخۆ و سەرجەم پارێزگاکان و قائیمقامییەتەکان، هەوڵبدەین زۆرترین ئاسانکاری بکەین لەڕووی ئیدارییەوە بۆ گەشتیارەکانمان، ئەوەش ئەنجامێکی باشی هەبوو بۆ هەموومان، دەرئەنجامەکەشیمان بینی”.



لەڕووی داهاتەوە، ئارام رەحیم دەڵێت، تەنیا دەتوانن بە شێوازێکی خەمڵاندن ئەژماری بکەن، ئەگەر هەر گەشتیارێک بە نزیکەی 300 دۆلاری خەرجکردبێت، ئەوا داهاتی گەشتیارانی سلێمانی بریتیبووە لە 30 ملیۆن و 154 هەزار و 500 دۆلار.



بەڕێوەبەری راگەیاندنی گەشتوگوزاری سلێمانی ئاشکراشی دەکات “جیا لەو گەشتیارانەی لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە روویان تێکردووین، کە داهاتەکەی راستەوخۆ بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە، حکومەت هیچ داهاتێکی دیکەی نەبووە كە راستەوخۆ لە هاتنی گەشتیاران سوودمەند بووبێت، کە بۆ هەر گەشتیارێک بڕی 25 هەزار دینار وەرگیراوە”.



ئارام رەحیم وتیشی “بەراورد بە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، بە خۆشحاڵییەوە شاری سلێمانی زۆرترین رێژەی گەشتیار رووی تێکردووە، کە رێژەی 34%ی کۆی گشتی سەرجەم گەشتیارانی هەرێمی کوردستانی پێکهێنابوو لەماوەی رۆژانی جەژندا”.