وەزارەتی پلاندانی عیراق: هەڕەشەیەكی مەترسیدار ڕووی لە کەرتی وەبەرهێنان كردوە


 وەزارەتی پلاندانی عیراق ئاشكرایدەكات، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە هەڕەشەیەكی مەترسیدار رووی لەچارەنوسی 6 هەزار پڕۆژەی وەبەر هێنان كردوە كەخەرجیەكەیان سەدان ملیار دۆلارە.

عەبدولزەهرە هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندان و گەشەپێدانی عیراق رایگەیاندوە، دابەزینی نرخی نەوت كاردانەوەی خراپی لەسەر دۆخی ئابووری وڵات دروستكردوە، لەوانە زیادبونی رێژەی بێكاری، بەڵام لەوە مەترسیدارتر چارەنوسی ئەو 6 هەزار پڕۆژەیە كە لە ئێستادا 296 یان بە خەرجی 9 ملیار  دۆلار سڕاونەتەوەو 2 هەزار و 169 شیان  بە خەرجی 28 ملیار دۆلار دواخراون، وتیشی بۆ تەواوكردنی ئەو پرۆژە زیندوانە پێویستە لە بودجەی ساڵانی داهاتودا 63 ملیار دۆلاریان بۆ تەرخان بكرێت.

ئاماژەی بەوەشكردوە، یەكێكیتر لەو كێشە داراییانەی بەرۆكی عیراقی گرتووە، پێدانی شایستەی دارایی ئەو بەڵێندەرانەیە كەپرۆژەكانیان تەواوكردوە و بڕەكەی زیاتر لە 8 ترلیۆن دینارە و حكومەت توانای دانەوەی نیە.