حكوومەتی ئێران باس لە بایەخی دەروازەی پەروێزخان بۆ وڵاتەكەی دەكات و بە نزیكترین رێگەی وشكایی گرێدانی ئێران بە وڵاتانی ئەوروپا هەژماری دەكات و پێشی وایە، دەروازەكە هەڵگری كۆمەڵێك كەموكورتی و كێشەیە كە كاریگەریی خستووەتە سەر جووڵەی بازرگانی لە ناوچەكەدا.
لە راپۆرتەكەی “ئیرنا” باس لە هەندێك كێشەی پێوەندیدار بە دەروازەكە كراوە و ئەوەش خراوەتە ڕوو كە مەرزەكە كەوتووەتە نزیك رێگەی بازرگانی مێژوویی ئاوریشم، لە خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق و سووریاوە تا دەریای ناوەڕاست ٩٠٠ كیلۆمەتر درێژە، بۆیە بووەتە گرینگترین و ستراتیژیترین رێگەی بازرگانی لە چەند ساڵی رابردوو و دابینكەری بەشێكی بەرچاو لە پێداویستییەكانی هەرێمی كوردستان.
لە دیوی رۆژهەڵاتی كوردستان، دەروازەكە سەر بە شاری قەسری شیرینی پارێزگای كرماشانە و شارەكە ١٨٦ كیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەیە. لەو مەودایەدا دوو دەروازەی گرینگی بازرگانی هەڵكەوتوون كە بە پەروێزخان و خوسرەوی ناسراون.
تێكڕای ئەو بارهەڵگرانەی رۆژانە لە دەروازەی پەروێزخان دێنە ناو خاكی هەرێمی كوردستان، ٨٠٠ بارهەڵگرن.
رۆتینی گومركیی، بەرزبوونەوەی بڕی باج، درێژەكێشانی پشكنین و تاقیگە، هاوكات نەبوونی دەست پێكردنی دەوام لە هەردوو لایەنی كارگێڕیی دەروازەكە، نەبوونی هەماهەنگی و هاوكاری پێویست لە نێوان بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و ئێران، جیاوازیی ستاندارد بۆ كوالێتی كاڵا لای ئێران و عێراق، كارنەكردنی ٢٤ سەعاتە، بەشێكن لەو كێشانەی كە سەرچاوەكە ئاماژەی پێ كردووە.
جێگەی باسە دەروازەی پەروێزخان ساڵی ٢٠٠٧ بە فەرمی بوو بە دەروازەیەكی فەرمی كە لە نزیك كەلار هەڵكەوتووە. دەروازەی خوسرەویش لە نزیك خانەقینە و لەوێوە زیاتر كاڵاكان بۆ ناوچە عەرەبنشینەكانی عێراق دەگوازرێتەوە.