ناڤارا 2016، هێزو كەشخەیی لەڕادەبەدەر

 
كۆمپانیای نیسان نوێترین مۆدیلی پیكابی نیسان ناڤارای تایبەت بە كیشوەری ئەوروپای خستەڕوو كە لە جاران توندوتوڵترو جوانترە، بەڵام نرخی زیاترە.

كۆمپانیای نیسان لقی بەریتانیا، بەشێوەیەكی رەسمی پەردەی لەسەر نیسان ناڤارا NP300 هەڵدایەوە كە پیكابێكی بەتەواوەتی نوێیە، هەم لەڕووكاری دەرەوە و ناوەوە، هەمیش لەسەر ئاستی مەكینەو تواناو لێوەشاوەییەكانی.
 
 

دیزاینی دەرەكی

ساڵی 2016 زۆربەی كۆمپانیاكانی دروستكردنی ئۆتۆمبیل، بەتایبەتی ئەوانەی پیكاب دروست دەكەن مۆدیلی تازە، بەتەواوەتی تازەی پیكابەكانیان دەخەنە بازاڕەوە، هەر لە تۆیۆتاوە بۆ نیسان و بۆ میتسۆبیشی و شۆفرۆلێ و فۆرد و ڤۆڵكس واگن و زۆرێك لە كۆمپانیاكانی تر هەمان هەنگاویان گرتۆتە بەر بۆیە ئەمساڵ ركابەریی بازاڕی پیكاب سەخت و قورس دەبێت.

ناڤارای تازە، بەتەواوەتی گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، دیزاینێكی جوانترو سەرنج راكێشتری هەیە، لە مۆدیلەكانی پێشتری بەرزترەو لایتەكانی پێشەوەی بەلید رازێنراوەتەوە و بۆنیت و لاتەنیشتەكانی گوزارشت لەناسنامەیەكی تازەی ئەو پیكابە جوانەی نیسان دەكەن. تایەكان گەورەترین و ویلەكانیش جوانترن.
 
 
دیزاینی ناوەوە

لە ناوەوە، نیسان ناڤارا 2016 گۆڕانكاری بنچینەیی بەسەردا هاتووە و كۆمەڵێك دەسكاری و جوانكاری پێویستی تێدا كراوە و نوێترین تەكنەلۆژیای تێدا بەكارهاتووە و مەوادە بەكارهاتووەكانیش لەجاران زیاتر كوالیتیان بەرزە.

لەناوەوەی ناڤارا 2016 سەرنشین و شۆفێران هەست ناكەن لەناو پیكابدان، بەڵكو بەپێی دیزاین و فراوانی و ئاسوودەییەوە لە ئۆتۆمبیلێكی بەرزی كرۆس ئۆڤەر دەچێ.

ناڤارای 2016 سیستمی وەستانی پێنجیی هەیە كە سیستمێكی تازەی برێكە، تەكنەلۆژیای تازەی سەلامەتی بۆ دەستەبەر كراوە، حەوت ئێرباگی تێدایە، سیستمێكی تازەشی تێدایە كە كۆنترۆڵی ئۆتۆمبیل دەكات لەكاتی هاتنە خوارەوە لە بەرزاییەكانی كوڕ یان سەركەوتن بە بەرزاییەكی سەختدا.
 
 

مەكینەو لێوەشاوەیی

نیسان ناڤارا 2016 چەند جۆرێك مەكینەی هەیە. یەكەمیان مەكینەیەكی گازی چوار پستۆنە بە قەبارەی 2.3 لیتر بە توانای 157 ئەسپ ئەگەر توربۆی بۆ دابنرێ توانای بەرز دەبێتەوە بۆ 187 ئەسپ، كڕیارانیش دەتوانن بەئارەزووی خۆیان هەڵبژێرن، پاڵنانی چواری یان پاڵنانی دووانیان دەوێ، هەروەك دەتوانن هەڵبژێرن گێڕی ئۆتۆماتیكی حەوت نمرەییان دەوێ یان عادیی شەش نمرەیی.

مەكینەیەكی 2.5 لیتریشی هەیە بە توانای 160 ئەسپ.

نرخی ئەم مۆدیلەی نیسان ناڤارا 2016 چەند تایپ و جۆر و مواسەفاتێكی هەیە، نزمترین مواسەفاتی لەنرخی 31.150 دۆلاری ئەمریكییەوە دەست پێدەكەن و ئەوپەڕیشی دەگاتە 42.000 دۆلاری ئەمریكی.
 

كورد ئۆتۆ