هەورامان: زەوی کەم و بەرهەمی زۆر


هەورامان ناوچەیەکە سەرەڕای ئەوەی بە دڵگیری سروشتەکەی ناسراوە، دەوڵەمەندیشە بە چەندین جۆر بەروبوم لەنێو باخەکانیدا، هەورەمان ناوچەیەکی شاخاویەو دەشتای کەمە سروشتی خاکەکەی واهەڵکوتووە زەوی گونجاوی کەم بێت بۆ کشتوکاڵ بەتایبەتی دانەوێڵە، بۆیە خەڵکەکەی بەباخدارایەوە خەریکن. 

ناوچەی هەورامان شوێنێکی گونجاوە بۆ بەرهەمی داری گوێز هەربۆیە خەڵکی ئەم ناوچەیە گرنگی بەم دارە دەدەن لەپاڵ ئەوەشدا هەنار و قەیسی‌و قۆخ‌و ترێ‌و هەنجیر و هەرمێ بەرێژەی کەمتر بەرهەم دەهێنن.
 
هاوڵاتیانی ناوچەی هەورمان دەڵێن: ئێمە وەک خەڵکی هەورامان خوا نیعمەتی زەوی کشتوکاڵی پێنەداوین، ئەوەی بەرهەمی دەهێنین بەڕەنج و ماندووبونی زۆرە ئەبێ کەڵەکە بەرد هەڵچنین خاکی بۆ دروستکەین داری گوێزیش ئەگەر ئەستوری خاکەکەی ٦٠ سانتیم نەبێت بەروبومەکەی باش نابێت، لەبەر ئەوەی ئێمە زەوی کشتوکاڵێمان نیە ناچارین کانیاوەکان جۆگەی بۆ هەڵبەستین‌و بەکەڵەکە بەرد هەڵچنین دیواری بۆ بکەین و تەڵانی جوان جوان دورست کەین بۆ درەختەکانمان.

هاوڵاتیانی هەورامان دەشلێن: لەهەورامان دووجۆر هەنار بەرهەم دێت کەهەردووکیان دەنکەکەی شیرینە بەڵام یەکێکیان توێکڵەکەی سورە و ئەویتریان توێکڵەکەی زەردباوە ئێستا هەردووکیان بەریتە بازاڕەوە خەڵکی لەقیمەت‌و نرخی هەنارە زەردباوەکە نازانن  بەڵام مەنتیقەی خۆمان دەزاینین ئەمە باشترین جۆری هەناری شیرینە. 

باخەوانەکانی هەورەمان دەڵێن ئەمساڵ بەروبومی باخەکانیان بەدڵی ئەوان نیە و کەمە لەبەر ئەوەی لەوەرزی گوڵ کردندا باران و تەرزە زیانی زۆری بەباخەکانیان گەیاندووە، هاوکات لەوەرزی هاوینیشدا شەپۆلی گەرما کاریگەری خراپی کردۆتە سەر بەرهەمەکانیان.

مستەفا تۆفیق باخەوان لەناوچەی هەورامان دەڵێت: ئەمساڵ کەشوهەواکەی تەڕ بوو بارانێکی زۆر باری لەناوچەکەمان بەڵام لە ئاخیری بەهاردا کاتێک بەروبوم گوڵێ کرد تەرزەیەکی زۆر باری شاخەکانی سپی کرد ئەوە بووە هۆی ئەوەی بەروبوم نەما سەرما بردی لەناوچەی هەورەمان.

هەورامان تەنها بەسروشتە جوان‌و دڵگیرەکەی نەناسراوە بەڵکو بەرهەمی باخەکانیش بەتایبەتی گوێزی هەورامان وەک دەڵێن بەدەست دەشکێت ناوبانگێکی زیاتری بەم ناوچەیە بەخشیوە هەورامیەکانیش هەرگیز پەکی خۆیان ناخەن، ئەو بەرهەمانەی لەباخەکانیان هەیە بەشێکی وشک دەکەنەوە و دەیکەنە شەوچەرەیەکی بەتام بۆ شەوانی درێژی زستان.
 
 
وێنەی هەندێک لەو بەرهەمانەی کە لە ناوچەی هەورامان دروست دەکرێت:-
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
ئا: ڕێ