بارودۆخی ئەمڕۆی سوریا كاریگەری گەورەی هەیە لەسەر ئابووری ئەو وڵاتە، چونكە بەهۆی شەڕی ناوخۆی وڵاتەكەوە زۆربەی كەرتە ئابوورییەكان لەكارو چالاكییەكانیان وەستاون، یان هیچ نەبێت سستو لاوازبوون، جگە لەوەش سوریا بەرلەوەی شەڕی تێبكەوێت دەروازەیەكی گرنگی كاڵاو شمەكی بازرگانی بوو لەئەوروپاوە بۆ توركیاو پاشان لەتوركیاوە بۆ سوریاو دواتریش لەسوریاوە بەرەو وڵاتانی دیكەی ناوچەكە، بەڵام لەدوای سەرهەڵدانی شەڕ، سوریا سیفەتی رێڕەوی بازرگانی لەدەستدا.
ئەوەی لەنزیك كوورە دابنیشێت پڕیشكی ئاگری بەردەكەوێت، ئاگری شەڕ لەسوریاش بەتەنیا زیانی بۆخۆی نابێت، بەڵكو وڵاتانی دراوسێشی پڕیشكیان بەردەكەوێت، لوبنان یەكێك لەو وڵاتانەیە كەزیانی بەركەوتووە، بەتایبەت كەرتی بانكیی ئەو وڵاتە زیانی گەورەی پێگەیشتووە، بەڵام بەرپرسانی لوبنان دەڵێن «بانكەكانی وڵاتەكەیان توانای زاڵبوونیان هەیە بەسەر كێشەكەداو بەرگەی ئاگری ئەو شەڕە دەگرن».
زۆربەی قەرزەكانی داوەتەوە
سەعد ئەزهەری بەڕێوەبەری بانكی (بلوم) كەیەكێكە لەگەورەترین بانكەكانی لوبنان رایگەیاند، شەڕی ناوخۆ لەسوریا وایكردووە چالاكی بانكەكانی لوبنان لەسوریا بەڕادەیەكی زۆر كەمبێتەوە، بەڵام بانكە سەرەكییەكان توانای خۆڕاگرتنیان هەیە لەبەردەم زیانەكاندا، ئەویش بەهۆی تەرخانكردنی بڕێكی زۆر پارە وەك پشتیوانە بۆ كارەكانیان. ئەزهەری وتی:»لەسەرەتای ساڵی رابردووداو بەرلەوەی راپەڕین لەسوریا دەستپێبكات، پارەی ئەسپاردە لەبانكە لوبنانییەكان لەسوریا گەیشتۆتە یەك ملیارو 800 ملیۆن دۆلار، بەڵام ئەمساڵ كەمبۆتەوە بۆ تەنیا 700 ملیۆن دۆلار، ئەگەر بەتەنیا بانكی (بلوم) لەبەرچاو بگرین، دەبینین پێدانی قەرزی (بلوم) لە670 ملیۆن دۆلارەوە دابەزیوە بۆ 210 ملیۆن دۆلار».
بانكەكانی لوبنان بەهۆی ئەو پارە زۆرەی تەرخانی كردبوو بۆ پشتیوانی لەچالاكییەكان، توانی زۆربەی قەرزەكانو ئەسپاردەكان لەسوریا بداتەوە، ئێستاش وەك سەعد ئەزهەری باسی دەكات، بانكەكان پارەیان لەبەردەستدا ماوەو هەركاتێكیش هەستیانكرد پێویستیان پێی نابێت، دەیخەنە كارەوە بۆ بەدەستهێنانی قازانج.
ژمارەی ئەو بانكانەی لەسوریادا كاردەكەن حەوت بانكەو ئەو بانكانەش 12 ساڵ لەمەوبەرو دوای ئەوەی بەشار ئەسەد هاتە سەر حوكم، توانیان بچنە ناو سوریاوەو چالاكییە بانكییەكانیان ئەنجام بدەن.
بازاڕی ناوخۆش لەپاشەكشەدایە
بەڕێوەبەری بانكی (بلوم) ئاماژەی بەوەشكرد، بانكەكەیان ئاستی قەباڵەكانی تاكۆتایی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ گەیشتۆتە 24 ملیارو 400 ملیۆن دۆلار، پێشبینیش دەكرێ كاریگەریی بارودۆخی سیاسی سوریاو زیانەكانی ئەو بارودۆخە بۆ بانكە لوبنانییەكان لەساڵی داهاتوودا كەمبێتەوە، بەڵام كێشەیەكی تر هەیە لەبەردەم بانكە لوبنانییەكاندا، ئەویش پاشەكشەی ئابووری ناوخۆی لوبنانە، ئەو پاشەكێشەیەش دیسانەوە بەهۆی لاوازبوونی كەرتەكانی گەشتیارییو بازرگانییە كە لەژێر كاریگەریی بارودۆخی ئاڵۆزی سوریادا پاشەكشەی كردووە.
پاشەكشەی ئابووری بەئاشكرا بەئابووری لوبنانەوە دیارە، چونكە لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا گەشەی ئابووری لوبنان لەنێوان لەسەدا حەوت بۆ نۆ بووە، بەڵام ساڵی رابردوو گەشەی ئابووری لە 1,5% تێپەڕی نەكردووە، ئەمەیان بەپێی هەڵسەنگاندنی سندوقی نێودەوڵەتی نەختەو حكومەتی لوبنانیش پێشبینی دەكات گەشەی ئابووی وڵاتەكەی لەمساڵدا 2% جگە لەوەش ئاژانسی (مۆدیز ئینفستۆرز)ی تایبەت بەپلەبەندیی دڵنیایی دەڵێ:»تائێستاش ئابووری لوبنان لەئاستێكی باشدانییە، ئەوەش بەهۆی دابەزینی گەشەی ئابووریو نیگەرانی كۆمپانیاكانە لەبارودۆخی سوریادا».
خوازیاری فراوانكردنە
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا بەڕێوەبەری بانكی (بلوم) گەشبینە بەرامبەر بەچالاكییەكانی بانكەكەیو پێیوایە لەساڵی داهاتوودا بواری ئەسپاردە لەبانكەكەدا بەڕێژەی 8% بەرزبێتەوەو بواری قەرزیش بەڕێژەی 10% گەشە بكات، جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە كە بانكەكەیان تائێستا لە 12 وڵاتی جیهاندا چالاكیی هەیە، خوازیاریشە لەساڵی ئایندەدا چالاكییەكانی فراوانتر بكات.
بانكی بلوم لەنۆ مانگی یەكەمی 2012دا رێژەی قازانجی بەبەراورد لەگەڵ ساڵی پێشتر گەیشتە 6,1% بڕی قازانجەكەشی گەیشتە 250 ملیۆنو 700 هەزار دۆلار.