کەرتی تەندروستی یەکێک لەکەرتە گرنگەکانە کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەژیانی هاوڵاتیانەوە هەیە، لەئێستادا بەوتەی کارمەندانی تەندروستی بەهۆی کەمی دەرمانو خزمەتگوزرایە تەندروستیەکانەوە کەرتەکە کەوتۆتە ژێر مەترسیو ناتوانرێت وەک پێویست دەرمانو پێداویستیە پزیشکیەکان پێشکەش بە هاوڵاتیان بکرێت.
کارمەندانی تەندروستی دەڵێن: بەهۆی کەمی دەرمانو زۆری مۆڵەتی بێ موچەی کارمەندانو پزیشکان ئەگەری داخستنی بنکە تەندروستیەکانی زۆرێک لە قەزا و ناحیەکان دەکرێت و ناتوانرێت پێشوازی لەنەخۆشەکان بکرێت بەمەبەستی چارەسەر.
پزیشکێک پێڕاگەیاندین: وەزارەتی تەندروستی بەبڕە پارەیەکی زۆر قەرزاری کۆمپانیاکانی دەرمانە بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە حکومەت نەتوانێت دەرمان بۆ هاوڵاتیان دابین بکات، لەم بارودۆخەشدا کە خەڵک و فەرمانبەران موچەیان نیە ناتوانن دەرمان بکڕن بۆیە بەڕاستی کارەساتێکی گەورەیە و مەترسیەکی گەورەمان لەپێشە بەتایبەتی بۆ ئەو هاوڵاتیانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە.
کارمەندانی تەندروستی ڕایدەگەیەنن: کەرتی تەندروستی لە قەیرانی زۆر قوڵدایە رۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان سەردانی نەخۆشخانە حکومیەکان دەکەن بەڵام بەهۆی کەمی دەرمانو پێداویستەیە پزیشکیەکانەوە ناتوانرێت وەک پێویست خزمەتی نەخۆشەکان بکرێت.
بەپێی زانیاریەکان وەزارەتی تەندروستی سەدان ملیۆن دینار قەرزاری بازاڕ وکۆمپانیاکانی هێنانی دەرمانە، ڕێکخراوە تەندروستیەکانیش ڕایدەگەیەنن ئەگەر بێت و وەزارەتی تەندروستی قەرزی کۆمپانیاکان نەداتەوە ئەگەری هەیە ئەو کۆمپانیایانە چیتر دەرمان بۆ هەرێمی کوردستان نەهێنن بەمەش هەرێمی کوردستان توشی کێشەی گەورەیەی تەندروستی دەبێت.
رێکخراوە تەندروستیەکان ڕایدەگەیەنن: قەرزی کۆمپانیاکانی دەرمان زەنگێکی زۆر مەترسیدارە بۆ وەزارەتی تەندروستی چونکە کۆمپانیاکانی دەرمان ناتوانن تا سەر چاوەڕوانی وەرگرتنی قەرزەکانیان بکەن، بۆیە دەبێت حکومەت هەرێمی کوردستان بەدوا داچونی جدی بۆ ئەم پرسە بکات چونکە کەرتی تەندروستی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیانی هاوڵاتیانەوە هەیە دەبێت خەمی زیاتری لێ بخورێت و بەپەلە چارەسەری کێشەو گرفتەکانی ئەم کەرتە بکرێت .
لەئەگەری نەمانی خزمەتگوزاریە تەندروستیەکان لە نەخۆشخانە حکومیەکان دەبێت هاوڵاتیان لەم کاتی قەیرانەدا بۆ دەستکەوتنی دەرمان سەردانی نۆرینگە پزیشکیە ئەهلیەکان بکەن ئەمەش باری سەرشانی هاوڵاتیان قورستر دەکات، بەوتەی هاوڵاتیانیش حکومەتێک نەتوانێت وەزارەتەکانی خۆی بەرێوەببات چۆن دەتوانێت ئیدارەی هەرێمێک بکات و بانگەشەی دەوڵەتداری بکە.
ڕێژەن