عیزه‌ت سابیر: حكومه‌ت بده‌نه‌ ده‌ست دوو ده‌وڵه‌مه‌ندی به‌ویژدان له‌ماوه‌ی‌ شه‌ش مانگادا قه‌ریرانی دارایی چاره‌سه‌رده‌بێت

 
عیزه‌ت سابیر سه‌رۆكی لیژنه‌ی‌ دارایی له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، ره‌خنه‌ی‌ توندی‌ له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی كوردستان گرت و به‌قومارچی‌ ناویبرد، داواشی‌ له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ یه‌كێتی و گۆڕان و یه‌كگرتوو كۆمه‌ڵ كرد، كه‌ له‌ له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێم بكشێنه‌وه‌و حكومه‌ت بده‌نه‌ ده‌ست دوو ده‌وڵه‌مه‌ندی به‌ویژدان كه‌به‌بڕوای ئه‌و له‌ماوه‌ی‌ شه‌ش مانگادا قه‌ریرانی دارایی چاره‌سه‌رده‌بێت.

 سه‌رۆكی لیژنه‌ی‌ دارایی له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد پاره‌ی‌ نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ده‌رهێنانییه‌وه‌ تاخه‌رج كردنی به‌م شێوه‌یه‌ خه‌رج ده‌كرێت، كه‌ 10% بۆ بانكی كوردستانه‌ كه‌ هی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانه‌و 10% بۆ خه‌رجی سامانه‌ سرزشتییه‌كانه‌ و10% بۆ HH BC بانكه‌و هاڵك بانك و دۆیچ بانك، له‌ 10% داهاتی‌ نه‌وت ده‌درێت به‌و كۆمپانیایانه‌ی كه‌ نه‌وت ده‌رده‌هێنێت و 10% ی‌ داهاتی نه‌وت ده‌درێته‌ كۆمپانیای ڤیتۆڵی به‌ریتانی‌، بیانوی حكومه‌ت بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گوایه‌ پاره‌ی‌ له‌و كۆمپانیایه‌ قه‌رزكردووه‌. 

عیزه‌ت سابیر، كه‌ هاوكات شاره‌زایه‌كی بواری‌ ئابورییه‌ و بڕوانامه‌ی‌ دكتۆرای هه‌یه‌ له‌ بواری كارگێری و ئابوریدا حكومه‌تی‌ هه‌رێم، ده‌ڵێت “مانای نییه‌ مانگانه‌ یه‌ك ملیۆن به‌رمیل نه‌وت بفرۆشێت، به‌ڵام پاره‌ی‌ نه‌بێت بۆ فه‌رمانبه‌ره‌كانی‌”. 

له‌هه‌مان كاتیشدا ده‌ستخۆشی له‌ عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كرد، به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ كه‌ موچه‌ی‌ له‌كاتی‌ خۆیدا ده‌دات و جه‌ژنانه‌شی داوه‌ته‌ فه‌رمانبه‌رانی.