بەهۆی نزیكبوونەوەی جەژنی قوربان، بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانیی سلێمانی، ڕەزامەندی دەربڕی بۆ هێنانی ژمارەیەكی زۆر لە ئاژەڵ و ڕەشەوڵاخ لە دەرەوەی وڵات بۆ ناوخۆی سلێمانی.
سۆران غەفوور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانیی سلێمانی ڕاگەیاند، مانگانە نووسراوی فەرمی دەدەنە ئەو بازرگانانەی كە لە دەرەوە ئاژەڵ هاوردەی ناوخۆی سلێمانی دەكەن و بۆ ئەم مانگەش كە جەژنی قوربانی تێدایە، ڕەزامەندیمان نیشان داوە بۆ هاوردەكردنی ژمارەیەكی زیاتری ئاژەڵ.
ئەو وتی “بەپێی ئەو نووسراوانەی كە لە بەردەستیاندان، بازرگانەكان داوایان كردووە تا ئێستە، بڕی 8 هەزار و 500 ئاژەڵ لە دەرەوە هاوردەی سلێمانی بكەن و بەشی هەرە زۆری بۆ ئەم جەژنە هاوردە كراوە و فریا كەوتووە.
جێگەی باسە ئاژەڵەكان لە وڵاتی جۆرجیا و ئۆكرانیاوە دەهێنرێن و لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە دەگەیەنرێنە سلێمانی.
لەبارەی پێشبینییەكان بۆ ئەنجامدانی قوربانی لەم جەژنەدا، سۆران غەفوور وتی “ئەم جەژنە جیاوازە لە ساڵانی ڕابردوو، بۆیە ناتوانین پێشبینی بكەین بۆ ژمارەی ئەو ئاژەڵانەی دەكرێنە قوربانی، چونكە فەرمانبەران مووچەیان وەرنەگرتووە و دۆخەكەش باش نییە.”
پێویستی ڕۆژانە پارێزگای سلێمانی بە گۆشتی سوور لە ڕۆژێكدا زیاتر لە 30 تۆنە، لە كاتێدا لە ساڵانی رابردوو پێویستییەكە لە رۆژێكدا زیاتر لە 50 تۆن بووە.