بەهۆی کەمبوونی داهاتی هاونیشتمانیانی باشووری کوردستان، خەڵکی بەڕێژەیەکی کەمتر لە جاران زێڕ دەکڕن، بەجۆرێک هاوردەکردنی زێڕ بۆ باشووری کوردستان لە 2 ساڵی رابردوو بەڕێژەی لەسەتا 25 کەمی کردووە.
بەشێک لە هاونیشتیمانیان کە بەپێی وتەی زێڕنگران زۆربەیان مووچەخۆری حکومین، بەهۆی سیستەمی پاشەکەوتکردن و پێنەدانی مووچەکانیان ئەو زێڕانەیان دەفرۆشنەوە کە لە ساڵانی رابردوو کڕیویانن.
دووساڵە زێڕنگران بەتەنیا کاریان کڕینەوەی زێڕی هاونیشتمانیانە. جاران هاونیشتمانیان زێڕیان دەکڕی و شیرینیان دوای خۆیان جێدەهێشت، بەڵام ئێستا زێر دەفرۆشن و چیرۆکی ناخهەژێن بەجێدێڵن.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کوالێتی کۆنترۆڵ، ساڵی 2014 زیاتر لە 75 هەزار تۆن زێڕ هاوردەکراوە، بەڵام ساڵی 2015 بۆ 26 هەزار تۆن کەمبووەتەوە.