پێنج ساڵ مۆڵه‌تی بێ موچه‌ ده‌درێته‌ فه‌رمانبه‌ران


پێشنیاری‌ پێدانی‌ مۆڵه‌تی‌ پێنج ساڵ به‌موچه‌ی‌ بنه‌ڕه‌تیه‌وه‌ به‌فه‌رمانبه‌ران لێكدانه‌وه‌ی‌ جیاوازی‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌‌و ده‌وترێت كه‌ نایاسایی‌‌و ناده‌ستورییه‌، به‌ڵام ئه‌ندامێكی‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی‌ له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاشكرایده‌كات، ئه‌و پێشنیازه‌ دژی‌ یاسا نییه‌‌و ده‌شڵێت:”گرتنه‌به‌ری‌ ئه‌و ڕێوشوێنه‌ كاتییه‌و هه‌میشه‌یی‌ نیه‌”.

ماڵپه‌ڕی‌ (سۆمه‌رییه‌ نیوز) بڵاویكرده‌وه‌، له‌پاش ئه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران پێشنیازی‌ مۆڵه‌تی‌ پێنج ساڵ به‌موچه‌ی‌ بنه‌ڕه‌تیه‌وه‌ بۆ فه‌رمانبه‌ران كرد، له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاره‌وه‌ ڕه‌خنه‌ی‌ لێگیراو به‌نایاسایی‌ دانرا، به‌ڵام (كامیل زه‌یدی‌) ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی‌ له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ڕایگه‌یاند، هه‌موو حكومه‌تێك كاتێك ڕوبه‌ڕووی‌ قه‌یران ده‌بێته‌وه‌، كۆمه‌ڵێك بڕیار ده‌رده‌كات بۆ تێپه‌ڕاندنی‌ قه‌یرانه‌كان.

ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو، ئه‌و پێشنیازه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران یاساییه‌‌و بۆ ماوه‌یه‌كی‌ كاتییه‌، وتیشی‌:”پێشتر فه‌رمانبه‌ران به‌مۆڵه‌تی‌ بێ‌ موچه‌ش ڕازی‌ بوون، ئێستا به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و پێشنیازه‌ی‌ ئه‌نجومه‌ن وه‌زیران بێت، مۆڵه‌ته‌كه‌ به‌موچه‌ی‌ بنه‌ڕه‌تیه‌وه‌یه‌”.

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ (ڕه‌سوڵ تائی‌) په‌رله‌مانتاری‌ كوتله‌ی‌ ئه‌حرار ڕایگه‌یاند، كوتله‌كه‌یان ته‌واو دژی‌ ئه‌وه‌ن پێنج ساڵ مۆڵه‌ت به‌موچه‌ی‌ بنه‌ڕه‌تیه‌وه‌ بدرێته‌ فه‌رمانبه‌ران‌و ده‌ڵێت:”به‌جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و پێشنیازه‌ سوپایه‌ك له‌كه‌سانی‌ بێكار دروست ده‌بێت”.

شه‌وی‌ ڕابردوو (حه‌یده‌ر عه‌بادی‌) سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق ڕایگه‌یاند، ئه‌نجومه‌ن له‌تاوتوێكردنی‌ ئه‌وه‌دایه‌، مۆڵه‌تی‌ پێنج ساڵ بداته‌ فه‌رمانبه‌ران به‌موچه‌ی‌ بنه‌ڕه‌تیه‌وه‌.