بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ، “سامی ئوشانە گۆرگیس” راگەیاند: “دەروازەی نێودەوڵەتی سەرزێڕ لە نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان لە ھەموو روویەکەوە گرنگی بۆ ھەرێمی کوردستان و تورکیا ھەیە. لە ئێستادا زیاتر بە مەبەستی گەشتیاری و سەردانی کۆمەڵایەتی سوودی لێوەردەگیرێت، بەڵام لە ئایندەدا دەبێتە یەکێک لە دەروازە ھەرە گرنگەکانی بازرگانی نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان”.
سامی ئوشانە گۆرگیس بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وتی: “لە ئێستادا ھاوڵاتییان بۆ مەبەستی گەشتیاری و کۆمەڵایەتی بە ڤیزا و پاسیۆرت دەتوانن ھاموشۆ بکەن لە نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان. مامەڵەی ھاوڵاتییانیش لە رێگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق رایی دەکرێت”.
لەبارەی بۆچی تا ئێستا ئەو دەروازەیە نەبووەتە یەکێک لە دەروازە بازرگانییەکانی نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ گوتی: “یەکێک لە سەرەکیترین ھۆکارەکان ئاڵۆزی و شڵەژاوی بارودۆخی عێراق و ناوچەکە بوو بە گشتی کە ئەمە وایکرد بۆ ماوەیەکی زۆر دەروازەی سنووری سەرزێڕ لە نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان دابخرێت، بەڵام خۆشبەختانە لە ئێستادا بەڕووی ھاوڵاتییاندا کراوەتەوە و ھاوڵاتییانی ھەردوولا دەتوانن لە لایەنی گەشتیاری و کۆمەڵایەتییەوە سوود لە دەروازەکە وەربگرن”.
وتیشی: “بەپێی رێککەوتنی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا بێت و کە چەندین جار کۆبوونەوەمان لەسەر کردووە، دەروازەی سنووری سەرزێڕ لە نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا دەروازەیەکی بازرگانی دەبێت، تا ئێستا بەھۆی داخستی بۆ ماوەیەکی درێژ لەبەر ھۆکاری ناسەقامگیری ناوچەکە نەبووەتە بازرگانی، بەڵام لە سەرەتای ساڵی داھاتوودا رێککەوتنی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا پەیڕەو دەکرێت و بۆ مەبەستی بازرگانی دەروازەکە بەکاردەھێنرێت”.
لەبارەی چۆنێتی بەڕێوەبردنی دەروازەکە و ھەماھەنگی لەگەڵ تورکیا، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ گوتی: “ھەماھەنگی تەواومان لەگەڵ تورکیادا ھەیە بۆ بەڕێوەبردنی کار و چالاکییەکانی دەروازەی سنووری سەرزێڕی نێودەوڵەتی نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان. ھەماھەنگییەکانی ئێمە لە ھەرێمی کوردستان لە ئاستی ناحیەی کانی ماسێ و قەزای ئامێدی لەگەڵ قەزای چەڵێی تورکیا دەبێت و ھەروەھا ھەماھەنگی پارێزگای دھۆکە لەگەڵ پارێزگای ھەکاری (جۆلەمێرگ) دەبێت لە ھەر حاڵەتێکیشدا پەیوەندی بە یەکترەوە دەکەین و ئاگاداری یەکتر دەکەینەوە لە بارودۆخ و زانیاری نوێ”.
گۆرگیس لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی بوونی چەکداران لە ھەردوو دیوی سنوورەکە و نەھێشتنی ھەڕەشەکە لەسەر دەروازەکە رێککەوتن بە چارەسەر دەزانێت و دەڵیت: “پێویستە رێککەوتنێک بکرێت تاوەکو ھەڕەشە لەسەر دەروازەکە نەمێنێت، چونکە چەکدارانی پەکەکە لە دیوی تورکیا و دیوی ھەرێمی کوردستان ھەن ئەمەیش راستەوخۆ کاریگەری نەرێنی خستووەتە سەر دەروازە سنوورییەکە”.
لە بارەی سستی ھاتوچۆی گەشتیاران و ھاووڵاتییان بەگشتی لە دەروازەکەوە بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ گوتی: “ھاووڵاتییان بە ئاسانی ناتوانن ڤیزا وەربگرن لە رێگەی کۆنسولخانە و باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەغدا ئەمە یەکێکە لە سەرەکیترین ھۆکار کە وایکردووە ھاتوچۆ کەم بێت لە نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان، ئەگەر سیستەمی ڤیزای ئەلیکترۆنی کارا بکرێت بێگومان رۆژانە زیاتر لە ٢٠٠ گەشتیار لە سنوورەکە ھاتوچۆ دەکەن”.
سەبارەت بە چۆنێتی وەرگرتنی باجیشەوە ناوبراو گوتی: “سیستەمی باج وەرگرتن ھەمان سییستەمی تورکیایە، لەو دەروازەیە فەرمانگەی باج و رسومات وەرگرتمان ھەیە، بەڵام تا ئێستا ھیچ باجێکمان وەرنەگرتووە وەریشیناگرین”.
وتیشی: “ھەر لە سەرەتای دروستکردنی دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی سەرزێڕ لە ساڵی ٢٠١٤ لە ھەردوو دیوی تورکیا و ھەرێمی کوردستان لەلایەن ھاووڵاتییانەوە دەستکراوە بە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە لەلایەن ھاووڵاتییانی ناوچەکە ھەڵستاون بە دروستکردنی چێشتخانە، مۆڵ و مارکێت دەیان پرۆژەی دیکەی بازرگانی”.
بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ ئاشکراشی کرد کە ھاوشێوەی ھەموو دەروازەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان کەلوپەل بۆ ناو کوردستان ھاوردە دەکرێت، ھیچ شتوومەکی بازرگانی لە کوردستانەوە بۆ تورکیا و وڵاتان ھەناردە ناکرێت.
دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی سەرزێڕ لە نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە نێوان پارێزگای دھۆک و پارێزگای ھەکاری (جۆلەمێرگ) ھەڵکەوتەی جوگرافی دەروازەکە دەکەوێتە سنووری ناحیەی کانی ماسێی سەربە قەزای ئامێدی .
ناوی دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی سەرزێڕ لە گوندی سەرزێڕ ھاتووە کە یەکێکە لەو گوندانەی سەر سنووی نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان لە کۆنەوە زۆرترین زێڕییان لەژێر خاکی ئەو گوندە دۆزیوەتەوە. دەروازەکە لە سنووری گوندەکەیە ئەمەیش ھۆکار بووە کە دەروازەکە بەناوی گوندی سەرزێڕ بکرێت.
سەرچاوه: AA