گرفتی ھاتوچۆ لە ڕێگەی کەڵـکەسماق‌و ھەیبەسوڵـتان دروست دەبێت

بەھۆی ئەوەی لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو دا چەندین تانکەری سووتەمەنی و بارھەڵگری گەورەو ئۆتۆمبێلی بچووک بەڕێژەیەکی زیاتر بەڕێگای کۆیە-دوکان دا ھاتوچۆ دەکەن، بەتایبەتی لەڕۆژی ٧/١٢ ـەوە گرفتی ھاتوچۆ لەپێچەکانی چیای کەڵکەسماق دروستبووەو ٢٠٠ بارھەڵگر گیریان خواردووەو گرفتەکەش بەردەوام سەر ھەڵدەداتەوە، ھەروەک ھۆکارێکی دیکەش خراپی کەشوھەوای چەند رۆژی رابردووە.
نزیکەی ٣٠ سەعات ماونەتەوە
وەک شۆفێران ئاماژەیان بۆ کرد؛ لە ڕێگای شاخی ھەیبەسوڵتان بەھۆی تەواو نەبوونی رێگاکەوە بوار بە ھاتوچۆی بارھەڵگرەکان نادرێت، ھەر ئەوەش وایکردووە لە نیوەڕۆی رۆژی ١٢/٧ وە تائێوارەی رۆژی ١٢/٨، لەو رێگەیەدا ماونەتەوەو نەیانتوانیوە گەشتەکەیان بکەن‌و ناشتوانن بە لۆفەکان دا سەربکەون.
رێگەکە خلیسک دەبێت
ھەروەھا ژمارەیەک شوفێریش کەڕێگاکەیان گۆڕیوە بۆ رێگای کۆیە-بیتوێن‌و بەنیازبوون لە شاخی ھەیبەسوڵتانەوە ھاتوچۆ بکەن، وەک خۆیان وتیان: لەوێش رێگایان پێنادرێت بڕۆن، ئەوەش گرفتی بۆ دروستکردوون‌و داوادەکەن بەزوویی چارەسەربکرێت، لەوبارەیەوە موقەدەم شۆڕش کاکە بەڕێوەبەری ھاتوچۆی کۆیە لە لێدوانێک دا بۆ کوردستانی نوێ ھۆکاری ئەو گرفتەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە لەڕۆژانی بارانبارین دا بەھۆی رژانی نەوت و گازەوە جادەکە خلیسک دەبێت و بارھەڵگرەکانیش ناتوانن سەربکەون‌و تووشی رووداوی ھاتوچۆ دەبن، وتیشی: رۆژی ٧/١٢، ژمارەیەک تانکەریان بەھاوکاریی ئامێری تادانۆ توانیویانە ھاتوچۆ بکەن‌و بەڕێگەکەدا سەربکەون، بەڵام بەھۆی ئەوەی ژمارەیان زۆر بووە نەتوانراوە ھەموویان سەربخرێن.
رێگەکانتان بگۆڕن
بەڕێوەبەری ھاتوچۆی کۆیە داواکاربوو؛ لەڕۆژانی تەڕو باران‌و بەفردا شوفێران تادەتوانن گەشتەکانیان نەکەن مەگەر لەکاتی پێویستدا نەبێت یان رێگەکانیان بگۆڕن و بەڕێگەی دەربەند-ھیزۆپ دا ھاتوچۆ بکەن‌و لەبری رێگای کەڵکەسماق و ھەیبەسوڵتان، ئەوەش لەپێناوی سەلامەتی گیانی خۆیان‌و شۆفێرانی دیکە
سەرچاوە: كوردسات