سەرۆک وەزیرانی تورکیا رایدەگەیەنێت، کە حکوومەتەکەی بە بڕی 10 ملیار لیرە (3.4 ملیار دۆلار) وەبەرهێنان لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستانی باکوور دەکات.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی (دەیلی سەباح)ی تورکی، کە رۆژی دووشەممە 5ـی ئەیلوولی 2016 بڵاو کراوەتەوە، بیناڵی یڵدرم، سەرۆک وەزیرانی تورکیا رایگەیاندووە، وەبەرهێنانەکە بۆ بوژاندنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەیە، کە بەهۆی شەڕی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و سوپای تورکیا وێران بوون.
حکوومەتی تورکیا پێشتر رایگەیاندبوو، کە بەهۆی شەڕەکانەوە، شەش هەزار خانوو و بالەخانە زیانیان پێ گەیشتووە و بیناڵی یڵدرمیش رایگەیاندووە، کە ”قوتابخانە، باڵەخانە، باخچە و شوێنەکانی خواپەرستی نۆژەن دەکەینەوە”.
سەرۆک وەزیرانی تورکیا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەو 3.4 ملیار دۆلارە لە حەوت پارێزگای کوردستانی باکوور سەرف دەکرێت و ”گرنگییەکی تایبەتیش بە ناوچەی سووری ئامەد دەدرێت”.