بەمەبەستی کەمکردنەوەی رێژەی تاوان و کارە توندوتیژییەکان لە شاری بەغداد، ئەنجومەنی پارێزگای شارەکە پۆلیسی راسپاردووە بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆژەی دانانی ١٣ ھەزار کامێرای چاودێری لە شەقام و شوێنە گشتی و رەسمییەکانی شارەکە دا.
عەبدولکەریم زیاب سەرۆکی لیژنەی ئەمنی ئەنجومەنی پارێزگای بەغداد بە ناوەندی ھەواڵی تۆڕی راگەیاندنی عێراقی راگەیاندوە، ئەو پرۆژەیە بڕی ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخاندەکرێت و دەسەڵاتیش دراوە بە پۆلیس بۆئەوەی دەستبکات بە جێبەجێکردنی، روونیشیکردەوە کە لیژنەی ئەمنی بەغداد جۆرو تایبەتمەندییەکانی کامێراکان دەستنیشان دەکات.
جێی ئاماژەیە، پێشتریش ئەمیندارێتی بەغداد رایگەیاندبوو کارە ئیداری و تەکنیکییەکانی دانانی ئەو کامێرایانە تەواو کراوە، بەڵام کاتی دەستکردن بە جێبەجێکردنی پرۆژەکەی دەستنیشان نەکراوە.