بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ وەڵامی عەبدولستار مەجید دەداتەوە


بەڕێوەبەری خاڵی گومرگیی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ وەڵامی وەزیری كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەداتەوە.
 
شاخەوان بەكر، بەڕێوەبەری گومرگی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ بە (باسنیوز)ی راگەیاند، “دەبوایە بەڕێز جەنابی وەزیر داوای ڕوونكردنەوەی لەكەرەنتینەی كشتوكاڵی باشماخ بكردایە”.
 
شاخەوان بەکر هەروەها رایگەیاند، بەرووبوومی كشتوكاڵی بەپێی ڕێسا و ڕێنماییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ هاوردە دەكرێت، كە بە نووسراوی ژمارە (2270) لەبەرواری 6/4/2016 و بە واژۆی وەزیری كشتوكاڵ ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گومرگی باشماخ كراوە بەمەبەستی دانانی باج لەكاتی پێگەیشتنی بەرهەمی خۆماڵی، كە “بەخشتەیەك دیاری كراوە”.
 
پێشتر عەبدلستار مەجید، وەزیری كشتوكاڵ‌ و سەرچاوەكانی ئاو لە پەیامێكدا بۆ جووتیارانی شاری پێنجوێن رایگەیاند، “ئێمە لە وەزارەتی كشتوكاڵ لەخاڵە سنورییەكان‌ هەستمان بە كەمتەرخەمی كردووە و زانیومانە كە هەندێكجار چاوپۆشی لە وەرگرتنی باج لەسەر بەهەمی هاوردە كراوە و زۆرجاریش بە قاچاخ بەرهەمی كشتوكاڵی بیانی بۆ ناو هەرێمی كوردستان هێنراوە”.