هەر هاوڵاتیەكی هەرێم ساڵانە 24 كیلۆ گۆشتی مریشك و 180 هێلكەی بەردەكەوێت


سەرۆكی رێكخراوی پەرەپێدانی پەلەوەر لە كوردستان دەڵێت توانای هەرێمی كوردستان لە پیشەسازی پەلەوەر گەشەسەندنێكی خێرای بەخۆییەوە بینیوە، توانای ساڵانە هەرێم لە گۆشتی مریشك بۆ هەر تاكێك گەیشتوەتە 24 كیلۆ گۆشت و 180 هێلكەی مریشك.

د.سەڵاح مستەفا بەكر، بەڕێوەبەری گشتی گروپی ڤانۆی بۆ پیشەسازیی پەلەوەر و سەرۆكی رێكخراوی پەرەپێدانی پەلەوەر لە كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند، خواستی هەرێم لە پیشەسازی پەلەوەر دەتوانرێت بەتەواوەتی لەناوخۆی كوردستان دابین بكرێت، بۆ نمونە توانای ساڵانەی هەرێم بۆ هێلكە لە كوردستان لەرێگەی 9 پرۆژەوە گەیشتووەتە 1 ملیار هێلكە و هەر هاوڵاتیەكی هەرێم ساڵانە 180 هێڵكەی بەردەكەوێت، لە رێگەی 1264 كێڵگەی پەلەوەرەوە ساڵانە زیاتر 132 هەزار تۆن گۆشتی مریشك لە كوردستان بەرهەم دەهێنرێت كە هەر هاوڵاتیەك ساڵانە نزیكەی 24 كیلۆ گۆشتی بەردەكەوێت.

سەرۆكی رێكخراوی پەرەپێدانی پەلەوەر ئاماژەشی بەوە كرد، لە كوردستان 14 پرۆژەی مریشكی دایكانەی گۆشت بوونی هەیە كە توانای ساڵانەیان تروكاندنی 100 ملیۆن هێلكەیە بۆ دانانەوە، بەڵام تەنیا پرۆژەی مریشكی نەژاد هەیە كە توانای ساڵانەی 1 ملیۆن و 500 هەزار جوجەڵەی دایكانەی هەیە، كوشتارگەی پەلەوەر 7 پرۆژەیە بەڵام توانای 27 هەزار و 500 باڵندە سەردەبڕی و پاكدەكاتەوە لە ماوەی یەك كاتژمێر، 24 كارگەی ئالیكیش بوونی هەیە كە توانای یەك كاتژمێر بەرهەمهێنانی 480 تۆن ئالیكە.

دكتۆر سەڵاح مستەفا، گرفتی سەرەكی ساغنەبوونەوەی بەشی زۆری بەرهەمی پرۆژەكانی پەلەوەری لە كوردستان بۆ نەبوونی پلان و هەماهەنگی گێڕایەوە و وتی”لەم رۆژانە لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ لەسەر دروستكردنی لیژنەیەك رێككەوتووین بۆ ئەوەی رێگری لە هاتنی بەرهەمی ئێرانی و توركی بگێرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، توركیا و ئێران تەنیا لەپێناوی ئەوەی پرۆژەكانی كوردستان هەرەسبهێنن، پاڵپشتیی هەناردە دەكەن بەنرخی زۆر كەمتر.