هەناردەی نەوتی كەركوك دەستیپێكردەوە


“سەعات شەشی بەیانی ئەمڕۆ هەناردەی نەوتی كەركوك دەستیپێكردەوە” ئەمە بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەرز.

ئاژانسی هەواڵی “رۆیتەرز” رایگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی ناوەند بەشێوەیەكی هاوبەش دەستدەكەنەوە بە هەناردەی نەوتی كەركوك.

ئاژانسەكە نوسیویەتی: كۆمپانیای هەناردەكردنی نەوتی عێراق ناسراو بە “سۆمۆ”و حكومەتی هەرێم بەشێوەی هاوبەش دەستیان كردوەتەوە بە هەناردەی نەوتی كەركوك.

لەزاری سەرچاوەیەكەوە ئاشكرایكردوە” سەعاتی شەشی بەیانی ئەمڕۆ هەناردەی نەوتی كەركوك دەستیپێكردوەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە هێشتا كار لەسەر وردەكاری رێككەوتنەكەی نێوان بەغدا‌و هەرێ دەكرێت سەبارەت بە دابەشكردنی داهاتی نەوتی كەركوك بەشێوەی 50+50 لەنێوان هەردولادا”.

ناوەڕاستی ساڵی 2015 حكومەتی هەرێم بەبێ گەڕانەوە بۆ حكومەتی ناوەندی دەستیكرد بە هەناردەكردنی نەوتی كەركوك بەشێوەیەكی سەربەخۆ.

مانگی ئازاری رابردو بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا، هەناردەكردنی نەوتی كەركوك بۆ بەندەری جەیهان راوەستا، كە بڕەكەی نزیكەی (150 هەزار) بەرمیل بو لە رۆژێكدا.

لەچەند رۆژی رابردودا وەفدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە چونە بەغدا‌و لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رێككەوتنیان كرد بۆ فرۆشتنی نەوتی كەركوك‌و دابەشكردنی داهاتەكەی لەنێوان هەردولادا.