حكوومەتی توركیا بڕیاری دا، بەوپەڕی ئاسانكاریی ڤیزا بداتە بازرگانە عێراقییەكان كە دەیانەوێ بۆ كاری بازرگانی بچنە ئەو وڵاتە.
لە ڕاگەیانراوێكدا كە وەزارەتی پلاندانان و بازرگانیی عێراق بڵاوی كردووەتەوە هاتووە: سەلمان جومەیلی وەزیری پلاندانان و بازرگانی لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی ئابووریی توركیا كۆ بوونەوە، لەسەر چەند خاڵێك ڕێك كەوتوون كە گرنگترینیان ئاسانكاریی ڤیزایە بۆ بازرگانە عێراقییەكانی دەیانەوێ بە مەبەستی بازرگانی بچنە ئەو وڵاتە.
هەر لەو بڵاوكراوەیەدا ئاماژەوە بەوە كراوە كە چەند ڕێككەوتننامەیەكی بازرگانی لە نێوان هەردوو وڵات ئیمزا كراوە كە لە داهاتوودا ئەنجامەكانی دەردەكەون.
دوای نزیكبوونەوەی توركیا لە ڕووسیا و ئێران، پێوەندییە ئابوورییەكانیشی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی ئەو دوو وڵاتەش بەهێزتر كرد، ئەم هەنگاوەش كە لەگەڵ عێراق دەیهاویژێ، بەشێكی تری ئەو سیاستە نوێیەیە كە توركیا پەیڕەوی دەكات لە داهاتوودا.