ئاڵوگۆڕی بازرگانی عێراق‌و ئەمەریكا زیادی كردوە


لەمساڵدا ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان بەغدا‌و واشنتۆن زیادی كردوە‌و لە (8) مانگی رابردودا بە بەهای (2 ملیار‌و 600) ملیۆن دۆلار، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەردو وڵاتدا هەبوە.

باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق راگەیاند، لە ساڵی 2016دا، ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەردو حكومەتی بەغدا‌و واشنتۆندا، بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردوە.

بەگوێرەی بەیاننامەیەكی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا، داهاتی حكومەتی عێراق لەماوەی (8) مانگی رابردودا‌و لەڕێگای فرۆشتنی نەوتەوە بە ئەمەریكا، (4 ملیار‌و 570 ملیۆن) دۆلار بوە‌و لەوماوەیەدا ئەمەریكا بە بەهای (2 ملیار‌و 600 ملیۆن) دۆلار، كەرەستە‌و كەلوپەلی جۆراوجۆری بە عێراق فرۆشتوە.

باس لەوەكراوە، كۆمپانیاكانی ئەمەریكا خوازیارن بۆ وەبەرهێنان رو لە عێراق بكەن‌و داوایان لە ئیدارەی كۆشكی سپی كردوە، كارئاسانییان بۆ بكات.

بەرپرسانی ئەمریكا ئاماژەیان بەوە كردوە، حكومەتی عێراق نەوتی خاو بە ئەمەریكا دەفرۆشێت، لەبەرامبەردا ئەمەریكا ئامێری گەورە‌و بارهەڵگر‌و پێداویستی كارەبایی‌و كەرەستەی یەدەگی فڕۆكە‌و دانەوێڵە بۆ  عێراق دابین دەكات.