“داوای (50) ملیار دینار بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شوێنه‌واره‌كانی عێراق كراوه‌”

بارودۆخی ئه‌منی له‌ناوچه‌كانی عێراقدا بووه‌ته‌ بیانوو له‌به‌رامبه‌ر پرۆژه‌ خزمه‌تگوزاریه‌كاندا، سه‌رۆكی لیژنه‌ی گه‌شتوگوزارو شوێنه‌واریش له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاشكرایكرد، حكومه‌تی عێراق به‌هۆی ته‌رخانكردنی بودجه‌ بۆ به‌رگری‌و ئاسایش به‌شی شوێنه‌واری پشتگوێخستووه‌، بۆیه‌ داواكراوه‌ بڕی (50) ملیار دینار بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌و پارێزگاری شوێنه‌واره‌كانی عێراق ته‌رخانبكرێت.
(به‌كر حه‌مه‌سدیق) سه‌رۆكی لیژنه‌ی گه‌شتوگوزارو شوێنه‌وار له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ NNA ڕاگه‌یاندوە، ئه‌و به‌شه‌ بودجه‌یه‌ی بۆ به‌شی شوێنه‌وارو گه‌شتوگوزار له‌عێراقدا ته‌رخانكراوه‌ زۆر كه‌مه‌، به‌شی ئه‌و هه‌موو كاولكاریه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ شوێنه‌وار كراوه‌ ناكات، وتیشی: “پرۆژه‌ یاسایه‌ك ئاماده‌كراوه‌ كه‌ تێیدا داوای (50) ملیار دیناری عێراقی كراوه‌، به‌مه‌به‌ستی پاراستن‌و دانانی پاسه‌وان‌و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی شوێنه‌واره‌كان، داواشكراوه‌ ئه‌و پرۆژه‌یاسایه‌ له‌بودجه‌ی گشتی عێراقدا شوێنی بۆ بكرێته‌وه‌”.
له‌باره‌ی ئاستی هۆشیاری له‌عێراقدا به‌رامبه‌ر به‌شوێنه‌واره‌كان (به‌كر حه‌مه‌سدیق) سه‌رۆكی لیژنه‌ی گه‌شتوگوزارو شوێنه‌وار له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق باسی له‌وه‌كرد، ئاستی حكومه‌تی عێراق‌و سیاسیه‌كانی عێراق بۆ مه‌سه‌له‌ی شوێنه‌واره‌كان له‌ئاستێكی هۆشیاری نزمدایه‌، وتیشی: “داواشكراوه‌ كه‌ به‌شی شوێنه‌واره‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان جیا نه‌كرێنه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ده‌ستووردا هاتووه‌ كه‌ به‌شی شوێنه‌وار به‌شێكی فیدڕاڵییه‌و هه‌رێمی كوردستانیش ده‌گرێـته‌وه‌، پێویستیشه‌ به‌شێك له‌و بودجه‌یه‌ی بۆ شوێنه‌وار دانراوه‌ به‌شی هه‌رێمی كوردستانیشی لێبدرێت”.
(به‌كر حه‌مه‌سدیق) سه‌رۆكی لیژنه‌ی گه‌شتوگوزارو شوێنه‌وار له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق باسی له‌گرنگی خستنه‌گه‌ڕی سه‌رجه‌م گرده‌ ئاسه‌وارییه‌كان له‌عێراق كرد‌و وتی: “له‌ئێستادا سفركردنه‌وه‌و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م گرده‌ ئه‌سه‌رییه‌كان، پێویستی به‌پاره‌یه‌كی زۆر هه‌یه‌ له‌بودجه‌ی‌ عێراق، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌شی زۆری بودجه‌ی عێراق، بۆ پاراستن‌و به‌رگی دانراوه‌ كه‌ ته‌نها خزمه‌ت به‌مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێستا له‌سه‌ر حوكم ده‌كات”، وتیشی: “به‌شی شوێنه‌وار به‌شێكی زۆر گرنگی كلتورو ڕۆشنبیری عێراقه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك پارێزگاری لێبكرێت، به‌ڵام له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقیه‌وه‌ گرنگی پێ نادرێت، هه‌ربۆیه‌ بودجه‌یه‌كی كه‌میشی بۆ ته‌رخانكراوه‌”.
له‌باره‌ی هۆكاری پشتگوێخستنی شوێنه‌واره‌كان له‌عێراقدا (به‌كر حه‌مه‌سدیق) سه‌رۆكی لیژنه‌ی گه‌شتوگوزارو شوێنه‌وار له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق باسی له‌وه‌كرد، ئه‌و گرنگییه‌ی به‌شوێنه‌واره‌ دێرینه‌كان ده‌درێت به‌گوێره‌ی پێویست نییه‌، ئه‌ویش به‌بیانووی بارودۆخی ئه‌منیه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ خۆی له‌خۆیدا ڕاست نییه‌، چونكه‌ له‌ناوچه‌كانی خوارووی عێراقدا باری ئه‌منی جێگیره‌و هاوشێوه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌، بۆیه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لاوازی ئاستی خزمه‌تگوزاری، به‌جۆرێكه‌ هه‌ست ناكرێت كه‌ حكومه‌ت له‌ عێراقدا هه‌بێت كه‌ هه‌ستێت به‌پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری، وتیشی: “حكومه‌تی عێراقی له‌ئاستێكی هێنده‌ لاوازدایه‌ كه‌ به‌جۆرێكه‌ له‌ئاستی هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیاریه‌تی شوێنه‌واره‌كاندا نیه‌، چونكه‌ شوێنه‌وار له‌پله‌كانی سێیه‌م‌و چواره‌م دێت له‌بیركردنه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراقدا”.
(به‌كر حه‌مه‌سدیق) سه‌رۆكی لیژنه‌ی گه‌شتوگوزارو شوێنه‌وار له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕوونیكرده‌وه‌، له‌شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا گرنگیه‌كی زۆر زیاتر به‌شوێنه‌واره‌كان له‌عێراق دراوه‌، به‌ڵام حكومه‌تی عێراق ئه‌وه‌نده‌ی كه‌ له‌خه‌می ئه‌منیه‌ت‌و ته‌رخانكردنی بودجه‌یه‌ بۆ به‌رگری‌و ئاسایش هێنده‌ گرنگی به‌شوێنه‌وارو خزمه‌تگوزارییه‌كان نه‌داوه‌.