وه‌زیری نه‌وتی ئێران: له‌ڕووی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وته‌وه‌ پاش عێراق كه‌وتووین

 
وه‌زیری نه‌وتی ئێران ڕایگه‌یاند، له‌چه‌ند ساڵی ڕابردوودا هیچ وه‌به‌رهێنانێك له‌كه‌رتی نه‌وت‌و گازی وڵاته‌كه‌ی نه‌كراوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ پاش عێراق كه‌وتوون.

بێژه‌ن زه‌نگه‌نه‌، وه‌زیری نه‌وتی ئێران ڕایگه‌یاند، ئاستی به‌رهه‌مهێنانی عێراق‌و ئێران له‌كێڵگه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوانیان ئێستا وه‌ك یه‌كه‌، به‌ڵام وه‌زاره‌ته‌كه‌ی پلانی داڕشتووه‌، بۆ زیادكردنی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌و كێڵگانه‌دا بۆ ڕۆژانه‌ 300 هه‌زار به‌رمیل.

زه‌نگه‌نه‌ دوایین ئاماره‌كانی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی وڵاته‌كه‌ی ئاشكراكرد‌و ڕایگه‌یاند، ئێستا ڕۆژانه‌ 3 ملیۆن و 850 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌مده‌هێنن.

وه‌زیری نه‌وتی ئێران ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئێستا له‌ڕووی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وته‌وه‌ پاش عێراق كه‌وتوون، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و پلانانه‌ی كه‌ دایانڕشتووه‌، ده‌توانن پێگه‌ی خۆیان وه‌ك دووه‌م به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وتی ئۆپێك به‌ده‌ستبهێننه‌وه‌.